ئه‌مه‌ریكا سزای نوێ به‌سه‌ر ده‌یان قه‌واره و به‌رپرسی دیكه‌ی رووسیدا سه‌پاند
K24- هه‌ولێر:
هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای نوێیان بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك قه‌واره و به‌رپرسی دیكه‌ی رووسی راگه‌یاند، له‌وانه‌ش گه‌وره‌تریت كوتله‌ی به‌رگری رووسیا (State Corporation Rostec) و ده‌یان قه‌واره و بنكه‌ی پیشه‌سازی به‌رگری رووسی، وێڕای سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر 19 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی (Rostec) و 9 ئه‌ندامی خانه‌واده‌كانیان.
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هاووڵاتییه‌كی ئۆكرانیش له‌و سزایانه‌ی به‌ركه‌وتووه، كه به شێوه‌یه‌كی نایاسایی وه‌ك سه‌رۆك شاره‌وانی بۆ ناوچه‌یه‌كی داگیركراو له‌لایه‌ن رووسیاوه ده‌ستنیشانكراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه سزای به‌سه‌ر 45 قه‌واره و 29 كه‌سدا سه‌پاندووه، یه‌كێك له‌وانه قه‌واره‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی رووسیایه، ئه‌ویش به‌هۆی پێشكه‌شكردنی پشتیوانی دارایی به قه‌واره‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی رووسیا، كه كاری كڕینی مادده و كه‌ره‌سته‌ی خاو بۆ پیشه‌سازی به‌رگری رووسیا ده‌كات.
بلینكن گوتی: "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌و یه‌كه سه‌ربازیانه‌ی رووسی ده‌ستنیشان ده‌كات، كه به به‌ڵگه‌وه له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه تێوه‌گلاون، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شێك له پابه‌ندبوونمان به لێپرسینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی له ئۆكرانیا ئه‌نجامدراون".
هه‌روه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: "به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كردنیان یان پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ئۆكرانیا و سه‌لامه‌تی هه‌رێماسیه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی، پێدانی ڤیزایان به 511 ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی رووسی سنووردار كردووه، له‌وانه‌ش ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی له شاره‌كانی زابۆریژیا و ماریوپۆڵ كار ده‌كه‌ن، كه زۆرترین راپۆرت له‌باره‌ی تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و دوو ناوچه‌یه بڵاوده‌كرێنه‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پێدانی ڤیزای به 18 هاووڵاتی رووسیی سنووردار كردووه، به‌هۆی سه‌ركوتكردنی به‌رهه‌ڵستكاران، به‌تایبه‌ت ده‌ستگیركردن و ره‌شبگیرییه‌كان به پاڵنه‌ری سیاسی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه نووسینگه‌ی چاودێریكردنی دارایی بیانی (OFAC)ـی سه‌ر به وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ناوی 70 قه‌واره‌ی خستووه‌ته لیستی سزادراوان، كه ژماره‌یه‌كیان بۆ به‌رگری رووسیا زۆر گرنگن، وێڕای سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر 29 كه‌سی دیكه‌دا.
بلینكن دووپاتیشیكرده‌وه، نووسینگه‌ی چاودێریكردنی دارایی بیانی هاورده‌كردنی ئاڵتوونی رووسیی بۆ ئه‌مه‌ریكا قه‌ده‌غه‌كردووه.
H.B