عێراق کۆنترین بنکەی سەربازی سوپاکەی دەکاتە زەوی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان

زەویەکانی بنکەی سەربازی غەزلانی
زەویەکانی بنکەی سەربازی غەزلانی

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی حوزەیرانی 2022، پارێزگاری نەینەوا، نەجم ئەلجبوری رایگەیاند، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە بۆئەوەی زەویەکانی بنکەی سەربازی "غەزلانی" بکاتە زەوی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان.

بنکەی سەربازی "غەزلانی" کۆنترین و گەورەترین بنکەی سەربازی سوپای عێراقە لە شاری موسڵ، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەکاتی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە 2014 کردیە گەورەترین پەناگە بۆ ئەندامانی.

نەجم ئەلجبوری لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "پارێزگا و شارەوانی موسڵ دیزاینی مۆدێرن بۆ پرۆژەی زەویەکانی غەزلانی ئامادە دەکەن و پارچە زەوی دابین دەکەن و زەوی بۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون تەرخان دەکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون".

کێشەی زەویەکانی غەزلانی زیاتر لە چەند جارێک نوێ بووەتەوە، پێش ساڵی 2003 کامپێكی نیشتەجیبوون لە غەزلانی دروست کرا و ئێستا نزیکەی 1300 خێزانی تێدا دەژین کە چەندین جار رووبەڕووی هەرەشەی ئاوارەبوون و دەرکردن لە ماڵەکانیان بوونەتەوە. 

زەویەکانی بنکەی سەربازی غەزلانی
زەویەکانی بنکەی سەربازی غەزلانی