پێشمەرگە داوایەکی سوپای عێراق رەتدەکاتەوە

سوپای عێراق لە سنووری خورماتوو داوای رادەستکردنی بازگەیەک دەکەن
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 – گەرمیان

شەوی رابردوو هێزێکی سوپای عێراق، لە سنووری خورماتوو بەرەو سەنگەرەکانی پێشمەرگە جوڵەی پێکراوە و داوایان لە هێزی پێشمەرگە کردووە بازگەیەکی ئەو سنوورەیان رادەست بکەن، پێشمەرگەش داواکەی رەتکردووەتەوە.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند: "شەوی رابردوو هێزێکی سوپای عێراق بە تانک و زرێپۆشەوە لە سنووری قەزای خورماتووەوە بە ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە جوڵەی پێکراوە، داوایان لە هێزی پێشمەرگە کردووە بازگەی چواڕیانی (خڕوەلی)یان رادەست بکەن، پێشمەرگەش ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە و پێیان گوتون بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین ئەو بازگەیە چۆڵ بکەن، کە لە ساڵی 2003ـەوە پێشمەرگە لەو بازگەیە جێگیرکراوە".

پەیامنێرمان، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر ئەو پرسە و دۆخی ئەمنی ناوچەکە لەو سنوورە کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لەوەی فەرماندەکانی پێشمەرگە جەختیان لەسەر مانەوە لەو بازگەیە کردووەتەوە، گفتوگۆشیان لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی کردووە بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە چەند رۆژی رابردوودا مووشەکی لێوە ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراوە".