به‌ کشانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحه‌کان قەیرانی تەکنەلۆژیا لە پیشەسازی رووسیا سەرهەڵدەدات

"ناتوانن لە شەو و رۆژێکدا بەرنامەیەکی هاوشێوە دروست بکەن"
رووسیا به‌ كشانه‌وه‌ی كۆمپیانیا زه‌به‌لاحه‌كان په‌كی ده‌كه‌وێت
رووسیا به‌ كشانه‌وه‌ی كۆمپیانیا زه‌به‌لاحه‌كان په‌كی ده‌كه‌وێت

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی کشانەوەی زۆرینەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا لە رووسیا دوای جەنگی ئۆکرانیا، ئێستا کێشەی پرۆگرامی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیا لە کارگە و کێڵگە کشتوکاڵی و کێڵگە نەوتییەکانی رووسیا سەری هەڵداوە.

بە گوتەی شارەزایان، مۆسکۆ لە پیشەسازی پۆڵادا بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆژیای پێویست ناتوانێت بەشێک لە پارچە بچووکەکان بەرهەمبهێنێت، کە چەند ملیمەترێکن، بۆیە ئەو وردەکارییانەی بەرهەمیان دەهێنێت بەهایەکی ئەوتۆیان نییە.

ئەلێکسی مورداشۆف، خاوەن کۆمپانیای سێڤیرستال ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەرهەمهێنانی پۆڵا لە دەستپێکی جەنگەوە سەدا 25 تاوەکو سەدا 30 کەمی کردووە.

لە دوو دەیەی رابردوودا بە تایبەت دوای رووخانی یەکێتی سۆڤەت بە قەبارەی 59 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پیشەسازی پۆڵای رووسیا کراوە، بەشێکی زۆری ئەو ئامێرانەی بەکاریش هاتوون لەلایەن سیمینز و ئێس ئێم ئێس گرووپ و دانیلی ئاند سی ئۆفیسین میکانیچ دابینکراون، تاوەکو ئاستی بەرهەمهێنانی بەرەوپێش ببات.

لە بواری نەوتیشدا، ناتوانرێت بەشێوەیەکی گونجاو سوود لە یەدەگی وڵاتەکە وه‌ربگیرێت، چونکە پێویست بە ئامێر و پرۆگرامی ئاڵۆز هەیە، ئەوەش دۆخەکەی بۆ مۆسکۆ سەختکردووە تاوەکو بتوانێت پارێزگاری لە بەرهەمهێنانی ئاستی ئێستای بکات. لە دیارترینیشیان ئەو بەرنامانەی بۆ خەمڵاندنی چینەکانی زەوی و هەڵکۆڵین و شکاندنی هایدرۆلیکی بەکاردەهێندرێن، چونکە رووسیا ئامێری پێشکەوتووی نییە تاوەکو بەکاریان بهێنێت.

لەسەر ئاستی خۆراکی ناوخۆشدا، رووسیا لە چەند ساڵی ربردوویدا چەندین هەنگاوی فراوانی بۆ کشتوکاڵی ناوخۆ گرتووەتەبەر، لە پیشەسازی گۆشتدا پشتی بە کۆمپانیای رووس ئاگرۆ بەستووە. بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە کۆڕبەندی سانت پیتەرسبورگ رایگەیاند، ئەوان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە کۆمپانیا ئەوروپییەکان بەستووە بەتایبەت لە سیستەمی پێچانەوەدا، بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ جێگرەوەیەکییان نییە ئەگەر کۆمپانیا ئەوروپییەکان بکشێنەوە.

بڕیاریشیە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ساپ و مایکرۆسۆفت لە مانگی ئابەوە ئەپدەیتی پرۆگرامەکانیان لە رووسیا رابگرن، بە پێشکەش نەکردنی ئەو خزمەتگوزارییەش کۆمپانیاکان و خزمەتگوزارییە حکومییەکان بە ئاسانی دووچاری هێرشی ئەلیکترۆنی و ڤایرۆسی دەبنەوە.

دیمیتری کۆمیسارۆڤ پەرەپێدەری پرۆگرامی مای ئۆفیس روونیكرده‌وه‌، ناتوانن لە شەو و رۆژێکدا بەرنامەیەکی هاوشێوەی مایکرۆسۆفت ئۆفیس دروست بکەن، چونکە پێویستی بە چەندین ساڵ و نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار هەیە تاوەکو بتوانن بەرنامەیەکی رووسی دروستبکەن.