ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و گاز زیاد دەکرێت
K24 - هەولێر
لە کۆبوونەوەی رۆژی 29/6/2022، پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 79 پەرلەمانتار ھەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گازی پەسەندكرد، بەگوێرەی ئەم ھەموارە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و گاز دەبێتە شەش ئەندام، بەشێك لە فراكسیۆنەكانیش داوا دەكەن سەرجەم بڕگە و ماددەكانی یاسای نەوت و گاز بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان دەرچووە، پەسندکردنی ھەمواری ئەم یاسایە بۆ چالاكردنی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان گرنگە.
گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بوو، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نەوت و گاز بەرکاربێت و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، بابەتە تەنها ماددەی 4 بوو کە رێکخستنەوەی هەیکەلی ئەنجومەنی نەوت و گازە".
لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، بەشێك لە پەرلەمانتارەكان تێبینیان لەبارەی ھەمواری ماددەكان ھەبوو، بە تایبیەت كۆمپانیاكانی دەرھێنان و ھەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت دامبەزرێت پرۆسەكان شەفاف بێت، 32 پەرلەمانتاریش دەنگیان بە ھەموارەكە نەدا.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەوسامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە گوتی: "کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە، سندووقی داهاتی نەوت و کۆمپانیایەکی تایبەت بە بازاڕکردنی نەوت هیچی دروست نەکراوە، تەنیا هاتوون ئەندامێکیان بۆ ئەنجومەنی نەوت و گاز زیاد کردووە، دەتوانم بڵێم زیاتر پەیوەندی بە رێژەی یاسای ناو ئەنجومەنەکەیە. ئێمە هەم تێبینی ئیداریی، هەمیش تێبینی یاساییمان لەسەر هەمواری ئەو یاساییە هەیە".
بەگوێرەی ھەمواری یاسای نەوت و گاز، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە پێنج ئەندامەوە زیادكرا بۆ شەش ئەندام، بەمەش سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنەكە، بەم ھەموارەش سێ ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گاز پارتی و دوو ئەندامی یەكێتی و ئەندامێكیشی بزووتنەوەی گۆڕانە.