ژن و مێردێک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژران

باوکی یەکێک لە کوژراوەکان: ئێمە لە پارەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان هەیە
شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی حوزەیرانی 2022، لە شەقامی سورچی نزیک مزگەوتی بوخاری لە شاری هەولێر رووداوێکی تەقەکردن روویدا و لەئاکامی ئەو رووداوە دوو کەس کوژراون.

بەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاتژمێر 10:45 خولەک، کوڕێکی تەمەن 20 ساڵان چووتە ماڵی زاواکەی و لەوێ تەقەی لە خووشکەکەی و زاواکەی کردووە و هەردووکیانی کوشتووە و دواتر هەڵاتووە،.

بە گوێرەی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، تاوانی کوشتنەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە کە نزیکەی ساڵێکە لەنێوان دوو خانەوادەدا هەبووە. 

باوکی یەکێک لە کوژراوەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە لە پارەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان هەیە، هەوڵی چارەسەرکردنیمان داوە و لەو نێوەندەدا ژن و ژنخوازیمان کردووە، بەڵام ئەو بە نامەردی هات و ئەوانی کوشت".

هەر سەبارەت بەو رووداوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ بەیانی رووداوێکی کوشتن لە سنووری شاری هەولێر لە گەڕەکی (سەلاحەدین - شەقامی سورچیان) روویداوە، دوای گەیشتنی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ شوێنی رووداو دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون کە هاوسەرن بەناوەکانی (زەکەریا ڕوستم جبرائیل) و (سومەییە س. ا.).

ئاماژە بەوەس دراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە تۆمەتباری بکوژ برای (سومەییە)یە بەناوی (س. س. ا.)، هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی خێزانی دەگەڕێتەوە، پۆلیسی هەولێر گوتی: "ئێستا هێزەکانمان لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن".