مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی ناوخۆ: هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن

"ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان"

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک.

 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆم راسپارد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک".

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت رادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت. دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک ڕێک دەخرێتەوە".

مەسرور بارزانی، لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "داواش لە دادگاکان دەکەم، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشیان دەکەمەوە کە بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاریان دەبین".