بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانیش ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كۆبووه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كی بێمۆڵه‌ت ده‌ركران
سه‌نته‌ری ئیداره‌ی گه‌رمیان
سه‌نته‌ری ئیداره‌ی گه‌رمیان

K24- هه‌ولێر:

به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەت و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێگری لە دیاردەی چەكهەڵگرتن، ئێوارەی ئەمڕۆ 30/6/2022، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان کۆبووەوە و لەو بارەوە چەند بڕیارێك دران.

لە کۆبووەنەکەدا، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری تایبەت بەرێگری لە دیاردەی چەکهەڵگرتن، لە قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، رێکاری پێویست دەگرینەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگا ئەمنیەکان ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و مامەڵەکردن بە چەکەوە تاوتوێکران و بۆ ئەو مەبەستە ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

1. پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئەندامێتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی بەرگری، فریاکەوتن، هاتوچۆی گەرمیان و نوێنەری هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە.

2. داخستنی سەرجەم ئەو دوکان و شوێنانەی چەکی بێ مۆڵەت و مۆڵەتدار دەفرۆشن.

3. دانانی مەفرەزەی هاوبەشی دەزگا ئەمنیە پەیوەندیدارەکان لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت.

4. رێگەی هه‌ڵگرتنی چه‌ك بە هیچ کەسێك نادرێت، جگە لەو هێزە نیزامیانەی لە ئەرکی فەرمیدان.

5. بنکەی پۆلیسی زانکۆی گەرمیان رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری هەمان رێکار بەمەبەستی رێگریكردن لە هەڵگرتنی چەك بۆ ناو حەرەمی زانکۆ.

6. سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

H.B