ئێران.. 10 زیندانی لە سێدارە دران

دووانیان بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی سزا دراون  
سزای لە سێدارەدان لە ئێران
سزای لە سێدارەدان لە ئێران

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "HRANA" تایبەت بە مافی مرۆڤ، دوێنێ پێنجشەممە 30ـی حوزەیرانی 2022، 10 زیندانی لە بەندینخانەیەکی شارۆچکەی کەرەج لە سێدارە دران.

ئاژانسەکە باسی لەوە کرد، ئەو 10 زیندانیەی لە سێدارە دران، پێشتر هەشتیان بە تاوانی کوشتن و دووانەکەی دیکە بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرابوون و دوێنێ لە بەندینخانەی رەجایی شەهر لە شارۆچکەی کەرەج فەرمانی لە سێدارەدانیان جێبەجێکرا. 

ئاماژە بەوەش دراوە، دووان لە سزادراوەکان، ناویان ئیمان سفەریرد لەگەڵ مێهدی خەلژادە، بەڵام هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو 10 زیندانیە تا ئێستا لەلایەن هیچ میدیا و فەرمانگەیەکی حکومی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

دوایین راپۆرتی ناوەندی ئامار و بڵاوکردنەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران باس لەوە دەکات، تەنیا لە ساڵی 2021ـدا 299 کەس لە سێدارە دراون کە چوار لەوانە بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی سزادراون، هەر لە هەمان ساڵدا 85 کەسی دیکە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

H.H