سه‌عدی پیره: له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن كۆكین
K24 - هه‌ولێر:
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی له میانه‌ی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌سه‌ر واده‌ی هه‌ڵبژاردن ناكۆكییان نییه، بۆ هەڵبژاردنیش لیستی دوا هەڵبژاردنی عێراق بەکاردەهێندرێت و کۆکن لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کۆمیسیۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، كۆتای پێكهاته‌كانه.
سەعدی پیرە گوتی: بڕیاردان له‌سه‌ر ئابووری سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌رێمی كوردستان و بڕینی به‌شه بودجه له‌لایه‌ن به‌غدا، وای له حكومه‌تی هه‌رێم كرد په‌ره‌ی زیاتر به ئابووری خۆی بدات، ئه‌و ناكۆكییانه‌شی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌تی، پێویسته له رێگه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه بێت، كه هه‌موومان ده‌نگمان پێیداوه، ئه‌ویش ده‌ستووری عێراقه.
گوتیشی: ده‌ستووری عێراق 50 مادده‌ی پێویستی به یاسا هه‌یه، یاساكان به شێوه‌یه‌ك بنووسرێنه‌وه، كه له‌گه‌ڵ عه‌قڵیه‌تی شۆڤینی و مه‌زهه‌بیی توندڕه‌و نه‌بێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك بێت، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقی له‌به‌رچاو بێت و هه‌وڵی ئه‌وه نه‌دات، قۆڵبادانی یه‌كتری تێدابێت، به‌ڵكو هه‌وڵدان بۆ رێزگرتن له پێویستییه‌كان و ئیراده‌ی یه‌كتری بێت.
ئه‌و ئەندامه مەکتەبی سیاسی یەكێتی باسی له‌وه كرد، پێویسته لێكۆڵینه‌وه له هێرشه‌كانی سه‌ر ناوه‌نده‌كانی وزه، وه‌ك كێڵگه‌ی كۆرمۆر و ئه‌وانه‌ی دیكه بكه‌ین، دواتر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ین، پێموایه هه‌ڕه‌شه به هه‌ڕه‌شه چاره‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌گه‌ر عێراق بێت، یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ی به‌كرێگیراو بێت، نه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده لاوازه به دوو جوڵه‌ی له‌و بابه‌ته تاوله‌رزی دێتێ و له‌هۆش خۆی ده‌چێت و واز له ئامانجه‌كانی خۆی ده‌هێنێت، نه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ده‌گاته بنبه‌ستێك، كه چاره‌سه‌ری نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم، سه‌عدی پیره ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئێمه له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك نین له شكۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكاته‌وه، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیش وه‌كو بابه‌ت له ساڵی 2012ـه‌وه هه‌یه، راگیرا بوو، به‌ڵام ئه‌مجار له رووی سیاسییه‌وه كارا كرا و وه‌كو فشار بڕیاری ده‌ركرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێموایه ئێمه‌ی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی"تویتی بێ مانا"ـه‌وه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، هه‌وڵ بده‌ین له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌ره‌كی له به‌غدا كۆببینه‌وه، كار بكه‌ین له پێناوه ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی یاسا بۆ مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستوور كه په‌یوه‌نیداره به نه‌وت و مادده‌ی 115ی په‌یوه‌ندیدار به ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان كۆتایی پێهێنا، ئه‌وكاته به پێی ئه‌م یاسا كاره‌كان بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت بڕیاره‌كه به "ئیقاف ته‌نفیز"ـه‌وه وه‌ربگیرێت تا یاسایه‌ك ده‌رده‌چێت و كاری پێده‌كرێت.
سەعدی پیرە روونیكرده‌وه، ئێمه ده‌بێت له چه‌ند كه‌ناڵێكی جیاجیاوه كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان بكه‌ین و گوێ له لێدوانی نابه‌رپرسانه نه‌ده‌ین، هه‌وڵ بده‌ین به هه‌موو تواناكانمانه‌وه ئه‌و شه‌ڕفرۆشییه نه‌هێڵین، چونكه شیعه نییه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كورد هه‌بێت، كورد له رابردوو كه‌سی شیعه‌ی له‌سێداره نه‌داوه، شیعه‌ش كوردی له‌سێداره نه‌داوه، بۆیه ده‌بێت كارێك بكه‌ین، ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵ بكه‌ینه‌وه.
له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە ئاشكرای كرد، كاندیدی ئێمه هه‌ر وه‌كو خۆیه‌تی، به‌ڵام له كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌وه باس نه‌كراوه، په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ پارتی زۆر باشه و گفتوگۆكانمان به‌رده‌وامه.
بۆ ناكۆكییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش، سه‌عدی پیره روونیكرده‌وه، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌كانی كوردستان له‌سه‌ر چوار بازنه‌یی ناكۆكییه‌كانمان كه‌متره، بۆ بابه‌تی لیستی ده‌نگده‌رانیش، ره‌نگه ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2021ی عێراق به‌كاربهێنرێت، بۆ درێژكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش رازین، هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت نوێنه‌ری خۆی له كۆمیسیۆن بگۆڕێت، ده‌توانێت بیگۆڕێت.
راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی تا ئێستا جێگه‌ی گفتوگۆیه و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، كۆتای پێكهاته‌كانه، یه‌كێتی داوای نه‌كردووه، كۆتاكان ژماره‌یان كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵام كۆتا ده‌بێت بۆ كۆتاكان بێت، بۆ یه‌كێتی و پارتی نه‌بێت، ئێمه پێمانوایه ده‌بێت كۆتاكانی كۆیه و كفری له‌و بابه‌ته بێبه‌ش نه‌بن.
سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە بۆ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبرژاردن جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ناكۆكیمان له‌سه‌ر ئه‌وه نییه و لایه‌نه‌كه له‌سه‌ر چ واده‌یه‌ك رێكبكه‌ون، ئێمه لاریمان نییه.