فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە فێستیڤاڵی فیلمی کارلۆڤی ڤاری نمایش دەکرێت
K24 - ههولێر:
لە کۆماری چیك ئەمڕۆ ههینی (1ی تهممووز/ یۆلیۆی 2022) پەنجا و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کارلۆڤی ڤاری بە نمایشکردنی فیلمی ئیتالی "پالەوانەکان" لە دەرهێنانی "پائولۆ جێنوڤێزە" دەستپێدەکات.
فیلمی پاڵەوانەکان چیرۆکی کەپڵێکە بە ناوەکانی ئانا و مارکۆ، کە بەڕێکەوت یەکتر دەناسن و بڕیار دەدەن پێکەوە بژین. ئانا شێوەکارە و کەسایەتییەکی سەرکەشی هەیە و مارکۆ مامۆستایەکی فیزیایە، کە پێی وایە لە دنیا هەموو شت بە فورموڵ بەرێوەدەچێت. فیلمەکە لە دوو کاتی ئێستا و دەساڵی داهاتوو چیرۆکی خوشەویستی ئەم دوو کەسە دەگێڕێتەوە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.
ئەمساڵ لە بەشی دەرەوەی کێبڕکێی فیلمی "زاڵاو" بەرهەمی "ئەرسەلان ئەمیری" دەرهێنەری کورد نەمایش دەکرێت، کە پێشتر خەڵاتی رەخنەگرانی فیلم فێستیڤاڵی وێنیزی وەرگرتووە. زاڵاو یەکەمین فیلمی درێژی ئەرسەلان ئەمیریە و چیرۆکی ترس و دڵڕاوکێی خەڵکی گوندێک دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن بوونەوەرێکی سەیر ئازار دەدرێن.
فێستیڤاڵی ئەمساڵ تا 9ی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت و بە نمایشی "سێ هەزار ساڵ حەسرەت" ئاخرین بەرهەمی دەرهێنەری بەناوبانگی ئوسترالیایی "جۆرج میلەر" کۆتایی دێت. ئەم فیلمە یەکەم جار لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایش کرا و بوو بە جێی سهرنجی ئامادەبووان. بە شێوەیێک کە دوای نمایشی فیلمەکە زیاتر لە شەش خولک بە راوەستانەوە چەپڵەیان بۆ لێدا و رێزیان لێ گرت.
فیلمەکە کەڵکی لە ئەفسانەی عەلائەدینی روژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرتووە. ژنێکی بهریتانی مامۆستای زانکۆ لە گهشتێكی بۆ ئەستیمبۆڵ چرای عەلائەدین دەدۆزێتەوە و لە بەرامبەر ئازادکردنی جننەکە، سێ ئاواتی دێنێتە دی.
فێستیڤاڵی فیلمی کارلۆڤی ڤاری بە گرینگترین فستیڤاڵی فیلمی رۆژئاوا و ناوەندی ئهوروپا ئەژمار دەکرێت، کە ساڵانە لە مانگی تەممووز بەرێوەدەچێت و هەر ساڵ زیاتر لە 200 فیلمی تازە نمایش دەکات، کە بۆ بەدەستهێنانی گوێی کریستاڵی فێستیڤاڵ کێبڕکێ دەکەن.