وەزیری دەرەوەی سوید: نیگەرانییەکانی رەوەندی کوردستانی بە هەند وەردەگرین

وەزیری دەرەوەی سوید پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد
ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید
ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ هەینی 1ـی تەموزی 2022، ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید پێشوازی کرد لە شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید.  

لەو دیدارەدا، بارودۆخی هەنووکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، پەیوەندی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید و وەزارەتی دەرەوەی سوید تاووتوێ کران.

هاوکات سەبارەت بە رەوەندی کوردی لە سوید و ئەو گەشەسەندنە سیاسیانەی کە لە سوید هاتوونەتە پێش گفتوگۆ کرا.  

ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید
ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید نیگەرانی رەوەندی کوردستانی گەیاند بە وەزارەتی دەرەوەی سوید بە هۆی روماڵە میدیایەکانەوە سەبارەت بە بوون بە ئەندامی سوید لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە حکومەتی سوید رووبەڕووی ئەو پرسیارانە بێتەوە و روونکردنەوەی پێویست پێشکەش بە رەوەندی کوردستانی بکات لە سوید.

ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید
ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید و شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوە سوید جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی سوید نیگەرانییەکانی رەوەندی کوردستانی بە هەند وەردەگرێت، هاوکات حکومەتی سوید بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی پرسی کورد، لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەیوەندیە سیاسیەکانی دیکە و پشتیوانی دەکەن لە بەرەوپێشچوونی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.