سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

گفتوگۆ لەبارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق دەکرێت
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر

سەرۆک مەسعود بارزانی، لەبارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کۆببێتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەت دەکرێت.

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی، لەکاتێکدایە کە دۆخی سیاسی عێراق بە دۆخێکی ناهەموار تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای کشانەوەی کوتلەی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسیی.

دوای نزیکەی 8 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی ناکۆکی نێو ماڵی شیعە نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت.