هۆشداری لە تەشەنەسەندنی ئاوڵەی مەیموون دەدرێت

زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتی تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تۆمار کراوە
ئاوڵەی مەیموون
ئاوڵەی مەیموون

K24 - هەولێر

رێکخراوی تەندروستی جهیانی هۆشداری لە تەشەنەسەندنی قایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەدات و رایدەگەیەنێت: لە دوو هەفتەی رابردوودا بۆ سێ هێندە زیادیکردووە.

هانز کلۆگ، سەرۆکی لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە زیاتربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون کرد و رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردووەوە بۆ سێ هێندە زیادی کردووە.

کلۆگ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە "هەرچەندە هێشتا ئامارەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نا ئاسایی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دۆخەکە رابگەیەنێت، بەڵام ئەو ڤایرۆسە کە پێشتر لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە نامۆ بوو، ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا رێکاری وردتر و زیاتر بگرنەبەر، بۆ رێگری لە زیاتر تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە، بۆ ئەمەش دەبێت هەماهەنگی هەبێت و هەنگاوی خێراتر بگیرێنەبەر.

بەپێی ئامارێکی سەنتەری ئەمەریکی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیە گوێزراوەکان "تاوەکوو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتی تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە 51 وڵات تۆمارکراوە".