سەرۆک شارەوانیەك لە مەکسیك هاوسەرگیری لەگەڵ تیمساحێکدا دەکات

جلوبەرگی بوکێنی بۆ لەبەرکردووە

K24 - هەولێر:

سەرۆک شارەوانی شارۆچکەیەکی بچووکی مەکسیک لەگەڵ تیمساحێکی مێینەدا هاوسەرگیری دەکات و ئاهەنگێکی نەریتیشی بۆ رێکدەخات.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسیاتی "ئیکۆنۆمیک تایمس"، پێدەچێت مێژووی ئەمجۆرە رێورەسمە بۆ چەندین سەدە بگەڕێتەوە کە لەنێوان کۆمەڵگە رەسەنەکانی (چۆنتال و هواڤێ) لە ویلایەتی ئۆاکساکای مەکسیک ئەنجامدراون.

رێورەسمەکە وەک پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوون و بەخشندەیی سروشت سەیر دەکرێت.

سۆسا، سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی "San Pedro Huamelula" لە ویلایەتی ئۆاکساکا سەبارەت ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی گوتی: "بەم رێگەیە داوا لە سروشت دەکەین (باران، خواردن و ماسی) پێویستمان بداتێ".

ئۆاکساکا کە دەکەوێتە باشووری مەکسیک، زۆترین خەڵکی رەسەنی مەکسیکی لێدەژی کە تا ئەم سەردەمە سوورن لەسەر پاراستنی زمان و نەریتەکانیان.