پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەکان: هەر بڕیارێک بنەمای دەستووری نەبێت پاڵپشتی نێودەوڵەتی نابێت

"بەلای ئەمه‌ریکاوە گرنگە هەولێر و بەغدا بگەنە رێکەوتن"
ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر
ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

ئەمه‌ریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات، لەسەر کێشەکانی نێوانیان بەتایبەت دۆسیەی نەوت رێکبکەون، بۆچوونی پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان و شارەزایانی بواری نەوت دەیسەلمێنێت بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بنەمای یاسایی و دەستوورییان نییە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ساڵح عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئەم بڕیارەی کە دادگای فیدڕاڵی لە دژی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، بڕیارێکی سیاسییە، هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە، هەر بڕیارێکیش بنەمایەکی دەستووری نەبێت، بێگوومان پاڵپشتی نێودەوڵەتی نابێت.

گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری وزە له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌  به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هەموو وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمه‌ریکاش، لەگەڵ ئەوەدان سەقامگیری لەناو ئەو وڵاتانەدا هەبێت کە ئەندامی ئۆپێکن و هیچ شتێک کار نەکاتە سەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری وزه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەلای ئەمه‌ریکاوە مەترسییەکە ئەوەیە، ئەگەر کۆمپانیا خزمەتگوزارە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان بکشێنەوە، ئەوا کۆمپانیاکانی ئاسیا بەتایبەت چینییەکان جێگایان دەگرنەوە و ئه‌و داهاتەیان لەدەستدەچێت.

هه‌روه‌ها گوتی:  "بەلای ئەمه‌ریکاوە گرنگە هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن".