هێزەکانی سەر بە تورکیا رەوانەی سنووری تەل رەفعەت دەکرێن

بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن ئامادەکاری دەکەن
"سوپای نیشتمانیی سووریا"  سەر بە تورکیا - فۆتۆ: aa
"سوپای نیشتمانیی سووریا" سەر بە تورکیا - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

هێزێکی زۆری "سوپای نیشتمانیی سووریا" کە لەلایەن تورکیا پاڵپشتی دەکرێت، بە تانک و زرێپۆشەوە رەوانەی سنووری شارۆچکەی تەل رەفعەت کرا، ئەمەش وەک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی تورکیا "کاروانی سەربازیی هێزەکانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" لە شارۆچکەی عەزاز باکووری سووریاوە بەڕێکراوە، چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، مووشه‌كهاوێژی فره‌لووله‌ و تۆپی هاوەن لەخۆ دەگرێت. ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی".

قەزای تەل رەفعەت، سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سووریایە لە شوباتی 2016 لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دایە، دوای ئەوەی شاری عەفرین-ی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا داگیرکرا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە ئاوارە بوون و بەشێکیان لە تەل رەفعەت نیشتەجێبوون.

بەگوتەی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار تەل رەفعەت لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیا تۆپباران کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەم ماوەیەدا چەند جارێک سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازییان بۆ سەر هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.