بایدن داوا لە خاوەن وێستگەکان دەکات نرخی بەنزین کەم بکەنەوە

نرخی لیترێک بەنزین لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەیشتووەتە 6.25 دۆلار
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە نامەیەك داوا لە خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنی دەکات، نرخی بەنزین هەرزان بکەن کە ئێستا نرخەکەی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە.  

بایدن لە نوێترین توویتی داوا لە خاوەن وێستگەکان دەکات، نرخی سووتەمەنی دابەزێنن، چونکە ئێستا لەکاتی جەنگدان و مەترسی جیهانیدان.

بایدن لە توویتەکەی نووسیویەتی، هەر ئێستا نرخی بەنزین لە ترۆمپای وێستگەکان دابەزێنن، نرخەکە رەنگدانەوەی لەسەر ئەو بەرهەمە دەبێت کە دەیکڕن.

ئەو توویتەی بایدن لە کاتێکدایە، نرخی گاڵۆنێک بەنزین لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بۆ 4.82 دۆلار بەرزبووەتەوە، نرخی لیترێک بەنزین لە ویلایەتی کالیفۆرنیاش گەیشتووەتە 6.25 دۆلار، بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی هەر گاڵۆنێک 3 دۆلار بەرزبووەتەوە.  

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی رێژەی هەڵاوسان بکەن کە لە بەرزترین ئاستەکانی 40 ساڵی رابردوویدایە.