پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت

زیاتر لە 50 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەشداری دەکەن
دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24
دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24

K24 - ئەنقەرە

ئەمڕۆ پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە بە درووشمی ( ئێمە چارەسەرین" بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە 50 هەزار ئەندام و لایەنگرانی پارتەکە و 400 رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و 100 نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن

فورال ئیرشمیش، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند: "شاندی چەند لایەن و دامەزراوەیەک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی هەدەپە هاتوونەتە ئەنقەرە، لەوانە یەکێتی پەرلەمانتاران، حزبی زەحمەتکێشان، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە جگە لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە، دەبێ %50ی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە بگۆڕدرێن".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "جگە لە ئاڵا و درووشمەکانی ئەو پارتە ئاڵای کوردستان لەنێو هۆڵی کۆنگرە بەرز کراوەتەوە".

کۆنگرەی چوارەمی هەدەپە لە 23/2/2020 ئەنجامدرا، هەر یەک لە میدحه‌ت سنجار و په‌روین بۆڵدان بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردران.

 پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا چوار كۆنگرەی ئاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنان بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.

پوختەیەک لە بارەی کۆنگرەکانی هەدەپە:..

لە 27/10/2013 یەکەم کۆنگرەی خۆی بەستووە و هەر یەک لە سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو، وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە لە دوو ساڵدا جارێک کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام هەندێکجار بەهۆی بارودۆخی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی کۆنگرەی حزبەکان زووتر دەکرێت یان دوادەکەوێت. لە 22/6/2014، هەدەپە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە و فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش بوون بە هاوسەرۆکی پارتەکە.

لە کۆنگرەی سێیەمی هەدپە کە لە 11/2/2018 بەڕێوەچوو پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران. پەروین بوڵدان یەکەم هاوسەرۆکی هەدەپەیە تائێستا لە دوو کۆنگرە وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردراوە.

لە 23/2/2020، پارتی دیموکراتی گەلان کۆنگرەی چوارەمی ئەنجامدا پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بوون بە هاوسەرۆکی هەدەپە. بۆ کۆنگرەی پێنجەمیش کە ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کردووە زیاتر لە 50 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەشدارن، هەردووکیان خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆک کاندید کردووە.

پەروین بوڵدان، سەر بە ناوچەی گەڤەری سەر بە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە و میتحەت سانجار-یش خەڵکی شاری نسێبینە باکووری کوردستانە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ساڵی 2018 هەدەپە 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، 11 پەرلەمانتاری ئەو حزبە مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، ئێستا هەدەپە سێیەم فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە.

دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24
دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24
دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24
دیمەنێکی پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فورال ئیرشمیش – کوردستان24