پۆلیسی سلێمانی: 3 كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزینی 28 مۆبایلی گرنبه‌ها ده‌ستگیركران

جگه‌ له‌ مۆبایل پاره‌شیان دزیوه‌
3 دزه‌كه‌ له‌ دوو دوكانی جیاواز دزییه‌كه‌یان كردووه‌
3 دزه‌كه‌ له‌ دوو دوكانی جیاواز دزییه‌كه‌یان كردووه‌

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سێ تۆمەتبارمان دەستگیرکرد، کە 28 مۆبایلی گرانبەها و 500 هەزار دیناریان لە دوو دوکاندا دزی بوو، دەستیشگیراوە بەسەر بەشێک لە مۆبایلەکاندا.

لە راگەیەندراوێکیدا پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (3ی تەممووزی 2022) ئاماژەی بەوەکردوە، "دوای ئەوەی لەلایەن دوو خاوەن دوکانەوە سکاڵا تۆمارکرا، کە دزیان لێکراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەڕان و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد، دوای کۆکردنەوە و زانیاری پێویست لەسەر تۆمەتباران، توانرا لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسلوجەوە دەستگیربکرێن".

پۆلیس باسی لەوەشکردوە، کە دوکانەکان بڕی 500 هەزار دینار و 28 مۆبایلی گرانبەهایان لە جۆرەکانی (ئایفۆن، سامسۆنگ و هواوی) لێدزراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، بە بڕیاری داوەر و بە ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر یەک لە تۆمەتباران (ف،ن،أ)، (ك،ن،أ)، (س،م،أ) راگیراون، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەستگیراوە بەسەر بەشێک لە کەلوپەلە دزراوەکاندا.

ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانی دزیکردن، دادوەر سزاکەی بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک دیاری دەکات، کە زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ.