كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ریال مه‌درید؟

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاریداوە لەم هاوینە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵێت بەڵام یانە ئینگلیزەکە رەتیدەکاتەوە ئامادە بێت ده‌ستبه‌رداری هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە بێت، دۆن لەگەڵ بایرن میونشن و چێڵسی دەستی بە گفتوگۆ کردووە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت روودەکاتە کامە یانە، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆش بۆ ریال مه‌درید ده‌كه‌ن.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵێت، ئەمە ئەو بۆمبە بوو ئێوارەی دوێنێ شه‌ممه‌ رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی تەقاندیییەوە و دواتر میدیاکانی دیکەی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری داوە لەم هاوینە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵێت و رووبکاتە یانەیەکی دیکە، بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، بەرپرسانی مانچێستەر یونایتد ئامادە نین دۆن بەڕێبکەن و دەڵێن کریستیانۆ بۆ فرۆشتن نییە.

رۆمانۆ ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە جولەکانی یانەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ناڕازییە و پێیوایە یانەکەی ئامانجی نییە تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان دروست بکات.

کریس پێشتر هۆشداریی دابووە یانەکەی کە پێویستە گرێبەستی گەورە لەم هاوینە واژۆ بکەن کەچی رکابەرەکانی مان یونایتد گرێبەستی گەورەیان واژۆ کردووە و تا ئێستاش شەیتانە سوورەکان بێدەنگن.

فابریزیۆ ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئیریک تێن هاگ نییە و ئاسوودەیە بەڵام گلەیی لە جموجۆڵەکانی یانەکەیەتی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.

خۆرخێ مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەفتەی رابردوو لەگەڵ چێڵسی و بایرن میونشن دەستی بە گفتوگۆ کردووە و ناپۆلیش چاودێری دۆخەکە دەکات، بەڵام تا ئێستا دۆن لە چوونی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە نزیک نەبووەتەوە و مێندێز لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بژاردەیەکی گونجاو بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدۆزێتەوە کە ئەو یانانەی بەشداریی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەکەن لەپێشینەی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە دەبن.

به‌ گوێره‌ی پێگه‌ی داریۆ گۆڵی ئیسپانیا و تێلێگرافی به‌ریتانیا، یانه‌ی ریال مه‌دریدیش له‌ نێو بژارده‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دایه‌، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌رێكی سه‌ره‌ڕمی وه‌كو هالاند و مباپێ شكستی هێنا.

کریس هاوینی رابردوو بەرامبەر ١٥ ملیۆن یۆرۆ لە یۆڤێنتۆسەوە گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد و وەرزی رابردوو لە ٣٨ یاری ٢٤ گۆڵ و ٣ ئەسیستی بە درێسی یانەکە کرد و ئێستاش لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی دەگاتە ٣٠ ملیۆن یۆرۆ و ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.