گرافیک.. پێنجەمین کۆنگرەی هەدەپە

پەروین بوڵدان تاکە کەسە دوو جار بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردراوە
زیاتر لە 50 هەزار ئەندامی و لایەنگری هەدەپە بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیان دەکەن
زیاتر لە 50 هەزار ئەندامی و لایەنگری هەدەپە بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیان دەکەن

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 3/7/2022، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەبەستێت و دوو هاوسەرۆکی دیکە بۆ پارتەکە هەڵدەبژێردرێن.

هەدەپە لە 15ی ئۆکتۆبەری 2012 دامەزراوە، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە پەێڕەوی ناوخۆی حزبەکە ئاماژە بەوەکراوە کە کار لەسەر چارەسەری کێشەی کورد دەکات لە تورکیا.

هەر یەک لە فاتمە گوک و یاڤوز ئۆنەن، لە یەکەم کۆنگرەی هەدەپە بە هاوسەرۆک دیارکران، پاشان لە 27/10/2013 یەکەم کۆنگرەی خۆی بەستووە و هەر یەک لە سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو، وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە لە دوو ساڵدا جارێک کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام هەندێکجار بەهۆی بارودۆخی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی کۆنگرەی حزبەکان زووتر دەکرێت یان دوادەکەوێت. لە 22/6/2014، هەدەپە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە و فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش بوون بە هاوسەرۆکی پارتەکە.

لە کۆنگرەی سێیەمی هەدپە کە لە 11/2/2018 بەڕێوەچوو پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران. پەروین بوڵدان یەکەم هاوسەرۆکی هەدەپەیە تائێستا لە دوو کۆنگرە وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردراوە.

لە 23/2/2020، پارتی دیموکراتی گەلان کۆنگرەی چوارەمی ئەنجامدا پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بوون بە هاوسەرۆکی هەدەپە. بۆ کۆنگرەی پێنجەمیش کە ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کردووە زیاتر لە 50 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەشدارن، هەردووکیان خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆک کاندید کردووە.

پەروین بوڵدان، سەر بە ناوچەی گەڤەری سەر بە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە و میتحەت سانجار-یش خەڵکی شاری نسێبینە باکووری کوردستانە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ساڵی 2018 هەدەپە 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، 11 پەرلەمانتاری ئەو حزبە مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، ئێستا هەدەپە سێیەم فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە.