لە ئێران لەبەر ھەژاری منداڵان پێش لەدایكبوونیان دەفرۆشرێن

فرۆشتنی منداڵان پێش لەدایكبوونیان لە ئێران زیاد بووە

K24 - هه‌ولێر

شەھیندۆخت مولاوێردی، یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان رایگەیاند، ئاماری فرۆشتنی منداڵان پێش لەدایكبوونیان بە شێوەیەكی مەترسیدار روو لە زیادبوونە و دەشڵێت، ئامارێكی دروست لە رێژەی فرۆشتنی منداڵان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و ئێستا بووەتە جێی سەرنج.

بە گوتەی مولاوێردی، ھەژاری، ھاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی و ئاڵوودەبوون بە ماددە ھۆشبەرەكان، لە ھۆكارە سەرەكییەكانی سەرھەڵدانی ئەو دیاردەیەن.

هاوکات سەرۆکی کۆمیتەی کۆمەڵایەتی شورای تاران فاتیمە دانیشوار لە کۆتایی ساڵی رابردوو رایگەیاند فرۆشتنی منداڵ، پێش لەدایكبوون، لە ئێران زیادی کردووە و بووەتە جێی سەرنج و ھەندێك لە خێزانەکان منداڵەكانیان بە 200 ھەزار تمەن و ھەندێكیش بە كەمتر لە 100 ھەزار تمەن دەفرۆشنەوە.

ھەفتەی رابردووش، بەڕێوبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە تاران رایگەیاند 220  منداڵ كە دایكەكانیان بە نیازی فرۆشتنیان بوون، گەیەندراونەتە ناوەندی چاودێری کۆمەڵایەتی پارێزگاكە.