سه‌درییه‌كان بۆ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام له‌ ئاماده‌باشیدان

"ئەگەر حکومەتی داهاتوو له‌ئاستی پێویستدا نەبێت، خۆپیشاندان یەکێکە لەو بژاردە سەرەکییانەی سەدر بیری لێدەکاتەوە"

K24- هه‌ولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدریش زیاتر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر شێوازی ئەو حکومەتەی پێکدەهێندرێت بە دڵی رێبەری رەوتەکە نەبێت، سەرچاوەیەکیش لە رەوتەکە دووپاتیكرده‌وه‌، لە نووسینگەی رێبەری رەوتەکە ئاماژەی بەوەداوە، لایەنەگرانیان بۆ ئەنجامدانی هەرکارێك ئامادەن، کە رێبەرەکەیان داوایان لێبکات.

سەرەڕای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، تا ئێستا باسی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژ بە پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییه‌وه‌ نەکردووە، بەڵام پەرلەمانتارێکی رەوتەکە ئاشكرایکرد، ئەگەر حکومەتی داهاتوو له‌ئاستی پێویستدا نەبێت، ئەوا پەنابردن بۆ خۆپیشاندان دژی ئەو حکومەتە یەکێکە لەو بژاردە سەرەکییانەی سەدر بیری لێدەکاتەوە، هەروەها لایەنگرانی رەوتی سەدریش لە ئامادەباشیدان بۆ هەر کارێك، کە لەلایەن رێبەرەکەیانەوە داوایان لێبکرێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەدوای کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی وەکو کوتلەی گەورەی پەرلەمانی لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتدان و لەگەڵ لایەنەکانیش لەسەر پێکهێنانی حکومەتێك بە بەشداری تەواوی لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە، بەڵام رەنگە ئەو سه‌هۆڵه‌ وا به‌ئاسانی نه‌توێته‌وه‌، بەتایبەت، کە موقتەدا سەدر لەدوای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی چاودێری شێوازی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ده‌كات و ترسی لە دووبارەبوونەوەی پشکپشکێنەی سیاسی و دابەشکاری لەسەر بنەمای مەزهەبی هەیە، هەربۆیەش ئەبودوعا ئەلعیساوی، یەکێك لە یاریدەدەرانی سەدر جه‌ختیكرده‌وه‌، لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێك لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی سیاسی، لایەنگرانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەن.

لەبەرامبەردا، ئەحمەد عەوادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد، لە هەوڵی ئەوەدان سەدر لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بەشدار بێت، هەروەها لە ئەگەری پێشکەشکردنی ناوێك لەلایەن سەدرەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەش بکرێت.

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە، تا ئێستا نەتواندراوە کاندیدی سەرۆکوەزیران دیاریبکرێت.

H.B