دوو حاڵەتی دیکەی مردن بەتای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکران

تا ئێستا لە جیهان 38 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە
سه‌یف ئه‌لبه‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق
سه‌یف ئه‌لبه‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق

K24- هه‌ولێر:

دوو حاڵەتی دیکەی مردن بەتای خوێنبەربوون و زیاتر لە 20 حاڵه‌تی دیكه‌ی تووشبوون به‌ کۆلێرا لە عێراق راگەیەندران.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، سێ حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، لەگەڵ دوو حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان به‌و په‌تایه‌، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، گەیشتە 230 حاڵەتی تووشبوون و 38 حاڵەتی مردن.

وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، زیقار بە 93 حاڵەتی تووشبوون و 21 حاڵەتی مردن خاوه‌نی به‌رزترین ئاماری تووشبووان و گیانله‌ده‌ستداوانی تای خوێنبەربوونه‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق.

له‌باره‌ی پەتای کۆلێراش، سەیف بەدر گوتی: 21 حاڵەتی نوێی تووشبوون به‌و په‌تایه‌ تۆمارکراوە، 10 لە تووشبووەکان لە پارێزگای کەرکووکن و 7 تووشبووی دیکەش لە زیقارن.

به‌گوێره‌ی دواین ئامار، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا تا ئێستا، 160 حاڵەتی تووشبوون به‌ پەتاکە تۆمارکراوە و دوو حاڵەتی مردنیش لە بەغدا و کەرکووك تۆمارکراون.

H.B