ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە

جووتیارانی گوندەکانی سنووری رانیە لە ئاودێری گرفتیان بۆ دروستبووە
دیمەنێکی بەنداوی سەروچاوە لە سنووری قەزای رانیە
دیمەنێکی بەنداوی سەروچاوە لە سنووری قەزای رانیە

K24 – رانیە

بەهۆی کەم  بارانی، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە، یەکێک لەو بەنداوانەش بەنداوی سەروچاوەیە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.

بەھۆی دابەزینی ئاوی بەنداوی سەروچاوە و کەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان، بێ ئاوی ھەڕەشە لە بەروبوومی جووتیارانی چەند گوندێکی سنووری رانیە دەکات، بەنداوەکە پێنج جۆگەی ئاودێری بۆ کشتوکاڵ لێ ھەڵبەستراوە.

جووتیارانی گوندەکانی قەرەنیاغا و گردجان دەڵێن: دادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو پەیڕەو نەکراوە و ھیچ ئاوێک لە بەنداوەکە بۆ زەوییەکانی ئێمە بەر نادرێتەوە و لەخوار جۆگاکانی تریش مەرەزە کراوە.

وەک ناڕەزایەتی لە نادادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو ژمارەیەک لە جووتیاران گردبوونەوە و داوا دەکەن، بۆ هەموو گوندەکان ئاو وەک یەک دابەش بکرێت.

کاروان زرار، یەکێکە لە جووتیارانی ئەو دەڤەرە بە کوردستان24ی گوت: "بە نوێنەرایەتی شەش گوند لێرەین، راستە ئەو ساڵ بە گشتی ئاوەکە کەمە، بەڵام غەدرێکی گەورە لەو گوندانە دەکەن، جۆگە ھەیە لێرە دەرگای بۆ دانراوە ئەوەی ئێمە دەرگاشی نییە، ئێمەش وەک ئەوانی دیکە کشتوکاڵمان ھەیە".

یەکێکی دیکە لە جووتیارانی ناوچەکە بەناوی موراد عەبدوڵڵا، کە میراوی گوندی قەرەنیاغایە رایگەیاند: "دەتوانن ھاوکاریمان بکەن و لە خوار بەنداوەکە سۆندەی بۆ دانێین، خۆ ئێمە ناڵێین با ھەموو رۆژ جۆگەی بگرین، بەڵام دەشتوانن ھاوکاریمان بکەن، بۆ ئەوەی لەم وشکەساڵییە گرفتەکەمان چارەسەر بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەهۆی کەمی ئاو هەندێک جووتیار هەن 27 رۆژە گوڵەبەڕۆژەی ئاونەداوە، هەموویان پووچ دەبن".

دەڤەری راپەڕین ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو، بەڵام کەمی باران بارین وایکردووە بەشێکی زۆر لە سەرچاوە ئاوییەکان نەبوژێنەوە و ئاوەکانیان کەمیکردووە، ئەوەش گرفتی لە دابەشکردنی ئاو بۆ ئاودێری دروستکردووە.

ئەندازیار   خالید ئەحمەد، بەڕێوبەری کشتوکاڵی رانیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "کە ئاو کەم بوو و سەرچاوەی ئاوەکان نەژیانەوە گرفتی ئاودێری دروست دەبێت .ئێمە کۆمەڵێک پێشنیارمان خستووەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەندێکیان پابەند بوون، بەڵام ھەندێکیان نا، پێشنیارمان کردووە زەوییە پەرێزەکان دانەچێنرێن، ئەوەی بیری ھەیە بەکاری بێنێ و حەوزە ماسییەکانیش پەنجە ماسی تێ نەکەن، تاکو ئاو بگاتە ھەموو جوتیاران".

ماوەی دوو ساڵە بێ بارانی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و بارانی پێویست نابارێت. ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی ھەبووە، بەنداوی سەروچاوە کە پێشتر لە ھەر چرکەیەک دەیان مەتر ئاوی سێجا ئاوی لێ دەردەچوو، ئێستا بەھۆی بێ ئاوی مەترسی بۆسەر بەروبوومی ئەمساڵی کشتوکاڵی جووتیاران دروستکردووە.