زێرەڤانی لەبارەی دەنگی تەقینەوە روونکردنەوە دەدات

زێرەڤانی: ھیچ ھێرشێك نەكراوەتە سەر پێشمەرگە
مەشق و راهێنانی پێشمەرگەی زێرەڤانی - ئەرشیف
مەشق و راهێنانی پێشمەرگەی زێرەڤانی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەفسەرێكی لیوای دووی زێرەڤانی رایدەگەیەنێت: ھیچ ھێرشێك نەكراوەتە سەر پێشمەرگە، ئەو دەنگەی بیستراوە تەقاندنەوەی پاشماوەی ئەو بۆمبانەی داعش بووە، لە سنورەكە  كۆ كراوەتەوە.

راید ھاوار حەمەرەشید، بەرپرسی جموجوڵی لیوای دووی سەنگەری زێرەڤانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ برێكی زۆر لە بۆمب و پاشماوەكانی شەڕی داعش لە میحوەری خازر لەلایەن تیمی ئەندازیاری لیواوە كۆكرابوونەوە لە گوندی تەل ئەسوەد لە میحوەری خازر لەنێو بران".

ئەو بەرپرسەی زێرەڤانی ئەو دەننگۆیانەی رەتکردەوە کە  دەگوترێت "هێرشی مووشەکی کراوە یان تەقینەوەیەك بوو بێت"، گوتی: "ئەو زانیاریانە دوورە لە راستی و نە هێرشی مووشەکی بووە نە تەقینەوە، هەروەها ھیچ كەسێكیش بریندار نەبووە، سەر لەبەری ئەو دەنگۆیانەی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان کراون دوورن لە راستییەوە".