مەسرور بارزانی رەزامەندی دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 3 ملیار و 627 ملیۆن دینار بۆ گەیاندنی کارەبا بە 25 گوندی گەرمیان

"گوژمەکە بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت"
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بڕی 3 ملیار و 627 ملیۆن و 836 هەزار دینار بۆ گەیاندنی کارەبا بە 25 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی 3 ملیار و 627 ملیۆن و836 هەزار دینار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ 25 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان".

ئاماژە بەوەشکراوە: "گوژمەکە بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت".