"تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئۆكرانیا 750 ملیار دۆلاره‌"

دیمه‌نی خاپووركردنی ئۆكرانیا / وێنه‌: AFP
دیمه‌نی خاپووركردنی ئۆكرانیا / وێنه‌: AFP

K24 – هەولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئۆكرانیا پێشبینی ده‌كات تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی 750 ملیار دۆلار بێت.

دینیس شمیگال، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئۆكرانیا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئۆكرانیا ره‌نگه‌ بگاته‌ 750 ملیار دۆلار، پێویستیش ده‌كات ده‌ستكه‌وته‌ داراییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌دا، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌كار بهێنرێت.

شمیگال ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێمان وایه‌ ده‌ستكه‌وته‌ داراییه‌كانی ئۆلیگاره‌ رووسه‌كان ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئۆكرانیا.

به‌هۆی هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك سزای تووندیان خسته‌ سه‌ر مۆسكۆ، به‌تایبه‌ت ئه‌و بازرگانانه‌ی كه‌ نزیكن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی پوتن به‌ ئۆلیگاره‌كان ناسراون، سزای گه‌شتكردن و بازرگانیكردنیان خراوه‌ته‌ سه‌ر.

ئه‌و ئۆلیگارانه‌ پشكی شێری پاره‌و سامانی رووسیایان لایه‌، زۆربه‌یان له‌ له‌نده‌ن ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌وێ خاوه‌نی كۆمپانیا و ڤێلا و كه‌شتییه‌ گرنبه‌هاكانن، به‌رده‌وام له‌ گشت قۆناغه‌كاندا نزیك بوونه‌ له‌ حكومه‌تی رووسیا.

ئۆلیگارەکانی رووسیا:

سەردەمی پوتن

رۆمان ئابراهیمۆڤیچ

سەرمایە

12.2 ملیار دۆلار

بزنسمانی نەوت و ئەلەمنیۆم و ئاسن

خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی

ئەلکسەندەر ئابرامۆڤ

سەرمایە

5.8 ملیار دۆلار

خاوەنی کۆمپانیای Evraz

ئۆلیگ دیرپاسکا

سەرمایە

2.6 ملیار دۆلار

خاوەنی کۆمپانیای Volnoe Delo

میخائیل برۆخۆرۆڤ

سەرمایە

11.4 ملیار دۆلار

خاوەنی یانەی باسکەی Brooklyn Nets ئەمریکی

عەلیشەر عوسمانۆڤ

سەرمایە

16.6ملیار دۆلار

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گازپرۆم

جێرمان خان

سەرمایە

8.1 ملیار دۆلار

پیشەسازی نەوت و غاز

ڤیکۆر ڤیکسیلبێرگ

سەرمایە

7.9 ملیار دۆلار

خاوەنی کۆمپانیای Renova Group

میخائیل فریدمان

سەرمایە

12.4 ملیار دۆلار

دامەزرێنەری Alfa-Group

هێرشەکانی رووسیا لە 24ی شوباتی ئەمساڵدا دژی ئۆکرانیا دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەوەی رووسەکان رایانگەیاندبوو لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئۆکرانیا داگیردەکەن، بەڵام شەڕەکە تاکو هەنووکەش درێژەی هەیە و بە هەزاران کوشتن و برینداری لێکەوتووه‌تەوە و بە سەدان ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە هەر دوو وڵات گەیاندووە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کردوە، بە هۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا،  چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ رێژه‌ی ئاواره‌ بوونی ئۆكرانییه‌كان بگاته‌ 8.3 ملیۆن كه‌س.