لە شەش مانگدا 22 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆماركراوە

بەراورد بە شەش مانگی پێشتر پێشێلكارییەکان کەمبووەتەوە
ژمارەیەک پەیامنێری دەزگاکانی راگەیاندن لە هەولێر
ژمارەیەک پەیامنێری دەزگاکانی راگەیاندن لە هەولێر

K24 - هەولێر

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان راپۆرتی پێشێلكارییەكانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە 22 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆماركراوە، بەراورد بە شەش مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو پێشێلكارییەكان کەمیکردووە.

ئەیوب، یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی پێشێلكاری بەرامبەر تۆماركراوە، جۆری پێشێلكارییەكەی رێگری و دەستگیركردن و ھێرشكردن بووە، لەبارەی راپۆرتێك سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە کە خۆشی نازانێ سكاڵاكار كێیە، داواش دەكات جیاوازی لەپێدانی مافی زانیاری بە دەزگاكان نەكرێت.

 ئەیوب وەرتی، بە کوردستان24ی گوت: "پشێلكارییەكە بەرامبەرم لەكاتی روماڵی ناڕەزای ھاووڵاتیان بوو لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان رێگریم لێكرا، پێوستە ھێزە ئەمنییەكان ھۆشیاربكرێنەوە لەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنوسان، داواش دەكەم جیاوازی نەكرێت لە پێدانی زانیاری بە دەزگاكانی راگەیاندن".

لەبارەی پێشێلکارییەکان نەزاكەت حوسێن، بەرپرسی لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنووسان بە کوردستان24ی راگەیاند: " بەپێی راپۆرتی29، شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 22 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆماركراوە، بەراورد بە شەش مانگی كۆتای ساڵی رابردوو پێشێلكارییەكان كەمیان كردووە، ھۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ساڵی رابردوو كە ھەڵبژاردن لە عێراق بەرێوەچوو دۆخی سیاسیش ناسەقامگیربوو".

گوتیشی: "لە شەش مانگی رابردوودا سێ سكاڵاش ھەبووە دوانیان یەكلایی كراوەتەوە یەكیشیان رۆژنامەنووسەكان خۆیان لێ كشاونەتەوە".

کەمبوونەوەی رێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، دەریدەخات کە سەقامگیری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، هۆکارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەوانی و کەمبوونەوەی فشارەکان لەسەر میدیا و میدیاکاران، کە دواجار ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری رۆژنامەوانی دەرەخسێنێ.