لە سلێمانی دابەشکردنی مووچە کێشەی تێکەوت
K24 - سلێمانی
لە سلێمانی جارێکی دیکە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبوو، چەند خانەنشینێک بەهۆی قەباڵغی و گەرماوە دۆخی تەندروستیان تێکچوو.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی دەوام لە بانکەکانی سلێمانی پارە نەماوە، بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر مووچە دابەشنەکرا.
نەمانی پارە بووە هۆی دروستبوونی قەباڵغی و پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەبەردەم بانکەکان و بەهۆیەوە چەند کەسێکی بەتەمەن دۆخی تەندروستیان تێکچوو.
هەرچەندە لە ئێستادا دەستکراوەتەوە بە دابەشکردنی مووچە، بەڵام پێناچێت ئەمڕۆ مووچەی هەموو ئەو شوێنانە بدرێن کە وەزارەتی دارایی دیاریکردوون.
چەند مانگێکە بەهۆی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، دابەشکردنی مووچە لەسلێمانی کێشەی تێدەکەوێت و چەند کەسێکیش بەهۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆوە تەندروستیان تێکچووە و گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ موچەی مانگی حوزەیرانی خانەشینی شارستانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیری و لاوان و کارەبا دابەشدەکرێت.
بەپێی خشتەکە دەبێت پێش جەژنی قوربان، مووچەی هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت.