بەرزی رێژەی هەڵاوسان ئەمه‌ریکا و چین ناچار دەکات دانووستان بكه‌ن

ئیدارەی بایدن دەیەوێت بە هەڵگرتنی پێناسە گومرگییەکان لەسەر کاڵای چینی رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات
چین و ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌
چین و ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لیو هی، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین و جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمه‌ریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تاووتوێکردنی واشنتنە بۆ هەڵگرتنی پێناسە گومرگییە سەپێندراوەکان بەسەر بەشێک لە بەرهەمە هاوردەکراوەکانی چین تاوه‌کو لە رێگەیەوە بتوانن کۆنترۆڵی بەرزی رێژەی هەڵاوسان بکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، پەیوەندییەکە لەسەر داواکاری ئەمه‌ریکا بووە و ئیدارەی بایدن دەیەوێت بە هەڵگرتنی پێناسە گومرگییەکان لەسەر کاڵای چینی رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات.

لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2021 پەیوەندی بازرگانی نێوان چین و ئەمه‌ریکا لەسەردەمی کابینەی دۆناڵد ترەمپ زۆر ئاڵۆز بوو، کە جەنگی بازرگانی بەسەر ئەو وڵاتە ئاسیاییە سەپاند، هەردوو وڵات پێناسی گومرگیان بەسەر کاڵای هاوردەی یەکدیدا دەسەپاند، بە جۆرێک جەنگی سەپاندنی گومرگی فراوان بوو تاوەکو لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 ئاگربەستیان راگەیاند.