مانچێسته‌ر یونایتد په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ پچڕاوه
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی بڕیاری رۆیشتنی له مانچێسته‌ر یونایتد داوه و كارگێری یانه‌كه‌شی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، دوێنێ دووشه‌ممه‌ش به‌شداریی مه‌شقه‌كانی له‌گه‌ڵ مان یونایتد نه‌كردووه و په‌یوه‌ندییه‌كانی به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه پچڕاوه.
پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌بیانووی خیزانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ راهێنانه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد دواخستووه، به‌ڵام راستییه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ نییه.
سه‌رچاوه‌كه زانیاری ته‌واو له كارگێری مان یونایتد ده‌ستكه‌وتووه كه ئه‌و یانه‌یه نازانن كریستیانۆ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، دڵنیا نین كه رۆژی هه‌ینی ئه‌و ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌گه‌ڵ یانه‌كه گه‌شتی تایله‌ند ده‌كات یان نا.
گاری نیڤڵ كاپتنی پیشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له تویته‌ر نووسیویه‌تی: باشترین شت بۆ كارگێری مان یونایتد ئه‌وه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بكرێت و چاره‌نووس و داهاتووی ئه‌و یاریزانه به زووترین كات یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
نیڤڵ ده‌شڵێت: باشترین كار بۆ وه‌رزی نوێی مان یونایتد له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئێریك تێن هاگ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌موو پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانه پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی ده‌ست به وه‌رزی نوێ بكه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه هه‌مان سه‌رچاوه ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه تۆد بۆیلی سه‌رۆكی نوێی یانه‌ی چێڵسی پێشوازی له گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌كات، به‌ڵام پێشبینی ئه‌وه كراوه كه تۆماس توخێل راهێنه‌ری چێڵسی بڕیاریی كۆتایی له باره‌ی گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كریستیانۆ نه‌داوه كه پێده‌چێت هه‌ندێك گومانی له‌و یاریزانه هه‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی تێلێرافی به‌ریتانیا هێمای بۆ ئه‌وه كردووه كارگێری مانچێسته‌ر یونایتد ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری كریستیانۆ رۆناڵدۆ بن، به مه‌رجێك ئه‌و یاریزانه رووبكاته یانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ئینگلاند، له دوو رۆژی رابردووش چاره‌نووسی كریستیانۆ به‌سترابووه‌وه به یانه‌كانی بارسێلۆنا و ریال مه‌درید كه ئه‌مه‌یان لاوازترین ئه‌گه‌ره، ناوی هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی ناپۆلی، پاریس و بایرن میونشنیش به كریستیانۆه په‌یوه‌ست كرابوون.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ وه‌رزی رابردوو له یانه‌ی یوڤێنتۆسه‌وه گه‌ڕایه‌وه مان یونایتد، له نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2009 یاریی بۆ یونایتد كردووه، ئه‌وكات 3 نازناوی پرێمه‌رلیگ و نازناوێكی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ شه‌یتانه سووره‌كان به‌ده‌ستهێناوه، پێشبینی ئه‌وه كراوه كه كاروانی وه‌رزشی ئه‌و یاریزانه له‌گه‌ڵ یونایتد كۆتایی هات بێت.