مۆسكۆ: ئه‌و چه‌كانه‌ی ده‌درێنه ئۆكرانیا ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێن
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری رووسیا ئاشكرایكرد، ئه‌و چه‌كانه‌ی ده‌درێنه ئۆكرانیا، له‌بازاڕی ره‌ش ده‌فرۆشرێنه‌وه.
سێرگی شۆیجۆ، وه‌زیری به‌رگری رووسیا له گوتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاند، ئه‌و چه‌كانه‌ی ئه‌وروپا ده‌یدات به ئۆكرانیا له رێگه‌ی بازاڕی ره‌شه‌وه ده‌گاته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
شۆیجۆ راشیگه‌یاند، تا ئێستا ئه‌وروپا 28 هه‌زار تۆن چه‌كی به ئۆكرانیاداوه، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان و خوێنڕشتن به‌رده‌وام بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای جه‌نگی ئۆكرانیاوه، كیێڤ و مۆسكۆ چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆیان ئه‌نجامداوه، كۆتایی ساڵی رابردوو گفتوگۆكان وه‌ستان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئۆكرانیا گفتوگۆكانی وه‌ستاند.
شه‌ڕی ئۆكرانیا له (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستیپێكردووه و له ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌وی كرد، دواتر پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌و شه‌ڕه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بازاڕه‌كانی جیهان دروستكرد.