وانەی پەروەردەی ئیسلامی وەک بەرهەمی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت!

Kurd24

وانەی پەروەردەی ئاینیی، کە ئێستا رۆژەڤی گەرمە، گرنگە سەرەتا بزانین بۆچی خزایە ناو میتۆدی خوێندنی قوتابخانەکان لە عێراقێکی موزائیکی ئاینیی و مەزهەبیی و خێڵگەرادا، لەبنەڕەتدا، وانەی زانستی و پەروەردەیی و فێرکاری عالیی نەبوو ئەوەندەی موجامەلەی دەوڵەت بوو بۆ یەکخستنی نەتەوەو پێکهاتەکان، هەمان کات وانەیەکی رووکەشانە بوو بۆ رازیکردنی شەقام و بەنگکردنی خەڵک و شاردنەوەی دینی راستەقینە لە سەدساڵی پێشوو لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵی یەکەم و لە چوارچێوەی وەزارەتی مەعاریف و هەژموونی کۆڵۆنیالیزمی ئینگلیز، ئامانجەکە هاتەدی کە لێدان بوو لە رۆحی بەرزی ئاینیی کۆمەڵگه‌ و بەها پەروەردەیی و فیکری و عەقائیدییەکان لە کۆمەڵگه‌ی کوردیی و عێراقییدا و دورخستنەوەی رووگە و زانستە ئیسلامییەکانی وەک (المدارس الفقهية - أصول الفقه - القرآن - الحديث النبوي أو السنة النبوية - نحوصرف - البلاغة - التفسير والتأويل - العقيدة - التأريخ الاسلامية- مصادر التشريع).

دواتر لە لایەن بەرەی قەومی و سۆشیالیستگەراکان و چەپ و لیبڕاڵەکانەوە، خراپتر وانەی ئیسلامی کەوتە پەراوێز تا سەردەمی عارفەکان و بەعسییەکان و شیعەی وەلائی و حەوزەکانیان و هەر لایەک بەجۆرێک خەڵکیان بەنج و مەست کرد بە وانەیەکی سادەی روکەشی ئاینیی پەراوێزخراو، کە هیچ خزمەتی بە پەروەردەی تاک و هۆشیاری ئاینیی نەکرد.

لەبنەڕەتدا ئەو وانەیە لە سیستمی پەروەردەیی عێراقییدا وانەیەک نەبوو بۆ پێگەیاندنی زانا و دانا و تاکی هۆشیار و ئیرشاداتی بەرزی ئاینیی و فەزیلەتی مرۆڤی باوەڕدار، بەڵکو درێژکراوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی زاڵ و سەردەستی عەرەبیی بوو دژی بنەماو پرەنسیپە رەسەنەکانی خودی ئیسلام و لێدان لە پەیام و قوڵاییە رۆحیەکەی، کەچی دوای سەدەیەک زیاتر بزاوتە سونییە ئیسلامیەکان لەبری رەدکردنەوەی ئەو جۆرە وانە ئاینییە لاوازە بێکاریگەرەو گۆڕینی بە فۆڕمێکی دیکە، دێن شەڕە روکەشەکە گەرم دەکەنەوەو باری سەرنج و فۆکەسی کۆمەڵگای دەخەنە سەر بەبێ ئەوەی بزانن شەڕی راستەقینەی ئاین و باوەڕداریی و وانە بنەڕەتیەکە ئەوە نییە؟

پەروەردەی ئیسلامیی و رەوشتی بەرزی ئاینیی خەڵک، هیچ کات وابەستە نەبووە بە وانەی پەروەردەی ئاینیی و ئیسلامیی ناو سیستمێکی وشک و قاڵبگرتووی کۆنی قوتابخانەکانەوە.

زۆرجار ئەو وانە ئاینییانە جگە لەوەی مامۆستای پسپۆڕی خۆی نەبووە، هەمانکات خراوەتە کۆتاییەکانی دەوام و وانەی پێنجەم و شەشەم و هەندێک جار کراوەتە وانەی وەرزشی و هونەری و  شاغیرو هەرگیز جێگای گرنگیپێدان نەبووە بۆ مامۆستاو قوتابی، قوتابیەکیش نەبووە لە مێژووی سەدساڵەی وانەی پەروەردەی ئیسلامیدا بە مەسیحی و جولەکەو کەمایەتییە ئاینییەکانیشەوە دەرەجەی کەمی هێنابێت لەو وانەیە.

وانە ئاینیە تەقلیدیەکە ئەوەندە سادەیە زۆر کەمتر لە ئینگلیزی و عەرەبی و فیزیا و کیمیا و جەبرو هەندەسە، خوێندکاری فێری زانست و خوێندەواری کردووە، کە زۆر نزیکە لە دۆخی سفرەوە. ئیتر بۆچی دەبێت ئەو فەوزایەی لەسەر دروست بکرێت لە کوردستان لەکاتێکدا دەزانین هیچ پارتێک بەهۆی نزیکیی هەڵبژاردنی ئایندە و کورسییەکانی پەڕلەمانەوە ریسک ناکات و خۆی لە ئیسلام ناکاتە دوژمن و بابەتێکی وا ناکاتە ماڵ بەسەر خۆیەوە، بەڵام گرنگە ئەوە بزانین، پەروەردەی تاکی کورد بۆ ئیسلام، ئەوەی کە پێی گەیشتوون و بەدەستیان هێناوە لە ئیلهام و شەبەنگی جوانی زانست و بەها شەرعی و ئیسلامییەکان، وەک بڕواو ئیمان و تەریقەت و پابەندێتی دینیی و دەستگرتن بە پێنج پایەکەوە، هی ئەو وانە روکەشەی ناو سیستمی مەعاریف و خوێندنگاکانەوە نییە، بەڵکو سەرچاوەکانی جۆراوجۆرن و بریتین لە؛

* هەبوونی زانایان و عاریفان و زاهیدان و ئەهلی تەریقەت و پێشەنگانی وەک مەولانا خالیدی نەقشبەندیی، کاک ئەحمەدی شێخ، مەلای گەورەی کۆیە، شێخ عه‌لی حسامەدینی باخە کۆن، شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە، شێخ عومەری زیائەدینی بیارە،  شێخ محمدی خاڵ، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مەلا محمدی ئیبن ئادەمی باڵەکی، شێخ ئیسماعیلی وڵیانی و قوتابخانە و حوجرەکان لەناو خەڵک و نزیک بە ئێش و ئازارەکانیان، کە گرنگی خۆی هەبووە بۆ پێگەیاندن و هۆشیاری ئاینیی.

* بوونی تەکیە و خانەقا و حوجرەو مزگەوتەکان و فەزای سازی دەستکارینەکراوی ئاینی گوندەکان و کۆمەڵگای کۆنی کوردەواری و سروتە دینییەکان وەک مەولودنامە و قوربانیکردن و نەزرو زەکات و سەرفیترەو بەرات و گوێزه‌بانه‌ و ناونانی منداڵ و فەریزەی حەج و جەژنەکان بەشێکیترە لە سەرچاوەکانی گەیشتنی خەڵک بە پەروەردەی ئەخلاقبەرزی ئاینی.

حیزب و بزاوتی ئیسلامی کوردی دەبێت عەقڵانیتر بیر بکەنەوەو شەڕی ئەو ڕووکەشسازییە نەکەن هەوڵ بدەن مۆدێلەکە بگۆڕن بە باشتر، نەک بەرگری لەو سیستمە خراپەی پەروەردەی ئاینی بکەن، وانەی گەورە بۆ حیزبی ئیسلامی ئەو وانەیە نییە، ڕیفۆرمە لە گوتاری چەقبەستوویی ئاینیی و سیاسی و پەروەردەیی خۆیاندا، کاتێک پەیڕەوی ئایدۆلۆژیی حیزبی و دیسپلینەکانی وەک جێگرەوەی شەرع و تەریقەتەکان پەیدا بوو، مزگەوتەکان بەجارێ چۆڵ بوو بۆ کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی و پەرلەمانی، حوجرە بوویە سەنتەر، میمبەر بوە سۆشیاڵ میدیا، ئەڵاهووئەکبەرو زیکرەکان گۆڕا بۆ لایک و کۆمێنت، بارەگا حیزبییەکان ئاوەدانکرایەوە لەسەر حسابی گومەزو نەزرگەکان، ناوەندەکانی ڕاهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی و خولەکانی فێربوونی کۆمپیوتەرو زمان، خرایە جێگای زانستە شەرعیەکان و حوجرەو مزگەوت و تەکیەو خانەقا، ئەوانە بەجارێک زیانی گەورەی بە وانەی پەروەردەی ئاینیی گەیاندو لە نمرە یەکەوە ئاینیان خستە دوای دواوەی وانەکان. لەکاتێکدا ئاین دەبێت نمرە یەک بێت نەک حیزب و پەڕلەمان و حکومەت و گەشەپێدانی مرۆیی، وانەی پەروەردەی ئاینیش نابێت بۆ پرسی سیاسی و کورسی و پرۆسەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێت وەک پروپاگەندە.