مەرجی تەمەن بۆ حەج نامێنێت

"كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی میوانانی ماڵی خودا بۆ ئه‌مساڵ به‌ بڕیاری عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ بوو"
مەککە
مەککە

K24 - هەولێر

ده‌سته‌ی باڵای حه‌ج و عومره‌ له‌ عێراق رایگه‌یاند، مه‌رجی ته‌مه‌ن كه‌ بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵی سه‌ردانی ماڵی خودا دیاریكرابوو، بۆ ساڵی داهاتوو نامێنێت.

سامی مه‌سعودی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌ج و عومره‌ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دووپاتیكرده‌وه‌ "كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی زیاره‌تكارانی ماڵی خودا بۆ ئه‌مساڵ به‌ بڕیاری عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستی وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌ج ته‌نها وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بێت دوای كرانه‌وه‌ی رێكاره‌كانی په‌تای كۆرۆنا".

راشیگەیاند: "ئه‌و بڕیاره‌ی سعوودیه‌ ته‌واوی وڵاتانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مساڵ ژماره‌ی زیاره‌تكارانی ماڵی خودا له‌ سه‌راسنه‌ری جیهان ته‌نها یه‌ك ملیۆن كه‌س بووه‌".

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌ج و عومره‌، گوتیشی: سعوودیه‌ بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌ج ته‌مه‌نی 64 ساڵ به‌ره‌و خواره‌وه‌ی دیاریكردبوو و پشكی عێراقیش ته‌نها به‌ 16 هه‌زار زیاره‌تكار دیاریكردبوو، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەوە نامێنێت".