زه‌ريف له‌ ئه‌وروپا به ‌دواى ده‌رفه‌تى رێككه‌وتنى نوێدا ده‌گه‌ڕێت

ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆبوویەوە.

K24 – هه‌ولێر:

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران، لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا گەیشتە فەرەنسا و لە پاش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆبوویەوە.

هاوکات لەگەڵ سەردانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ فەرەنسا، ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدین خۆپێشاندانێکی ناڕەزاییان لە پاریس رێک خست.

رێکخراوی موجاهیدین کە چه‌ندين ساڵه‌ خۆی وەک ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران دەناسێنێت، لە پاش ئەوەی بنکەکانی لە عێراق داخران، چالاکییەکانی خۆی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە وڵاتانی ئەوروپی چڕ کردووەتەوە.

خۆپيشاندەرانی پاریس ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە پێشوازیکردنی دەسەڵاتدارانی فەره‌نسا لە کاربەدەستانی ئێرانی و دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی.

شاهین قوبادی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران رايگه‌ياند، ئێرانییەکان لێرە کۆبوونەتەوە کە بە روونی رایبگەیەنن کە جەواد زەریف نوێنەری هیچ شتێک نییە جگە لە حکوومەتێکی ئایینی بێ بەزەیی کە بکوژی ژمارە یەکە لە جیهاندا و پشتیوانیی سەرەکیی تیرۆریستی نێودەوڵەتیی. ئێران رژێمێکە کە بە هێزی سەربازی و پارە و بە هەموو شێوەیەک، پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکات بۆ درێژە پێدانی کوشتاری خەڵکی سووریا.

یەکێک لە ئاماجەکانی محەمەد جەواد زەریف لەو گەشتەی دا، رازیکردنی بانک و کۆمپانیا ئەورووپییەکان بۆ سەرمایەگوزاری و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێرانە.

شاهين گوتيشى: ئەو رژێمە خوازیاری رێککەوتنە، بەڵام لە بیرتان بێ کە زۆربەی بانک و کۆمپانیا رۆژئاواییەکان، بەو هۆکارانەی کە باسكران  ئامادە نین لە ئێران سەرمایەگوازاری بکەن. ئەوان هیچ داهاتوویەک لە رژێمەدا نابینن هەر بۆیەش هیچ حەزێکیان بۆ سەرمایەگوزاریی جیددی لە ئێران نییە. بەشێکی زۆر لە گرێبەستەکان بە شێوەی کاش پارەکەیان دەدرێ و ئەمەش لە درێژماوەدا هیچ قازانجێکی بۆ رژێمی ئیران نابێ چونکە رۆژئاواییەکان ئاگاداران کە ئەم رژێمە تۆقێنەرە هیچ داهاتوویەکی نییە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ فەره‌نسا، درێژەی گەشتێکە کە لە وڵاتانی ئه‌سکه‌ندناڤيا دەستیپێکرد. زەریف کە لەو گەشتەی دا بە دوای پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریەکانی ئێران و ئەورووپا و بوار رەخساندن بۆ بەڕێوە چوونی رێککەوتننامەی ئەتۆمییە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى فەرەنسا رایگەیاند، کیشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەری سەربازییان نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ناوخۆی ئێراندا، ژمارەی زیندانیانی سیاسی و لە سێدارەدراوان، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر دەبێ.