ئوردن متمانەی بەخشیە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان

یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کەرتی تەندروستی
.
.

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی شاندی ئەنجومەنی پزیشكانی ئوردن سەردانی ھەرێمی كوردستانیان کرد و بەدواداچوونیان بۆ نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان، راپۆرتێكیان لەسەر نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان ئامادەكرد و پاش گەڕانەوەشیان بۆ ئوردن متمانەیان بەخشیە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان.

د. ئاریان شێخ خاڵس، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە دوای زنجیرەیەک، سەردانیکردن و هەوڵ و کۆششی زۆری شاندی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان دواجار لە 5/7/2022، ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی متمانەی نێودەوڵەتیان بەخشی بە ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان و پرۆگرام و نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی فێرکاری سەر بەو دامەزراوەیە لە هەرێمی کوردستان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆک سلێمانی".

‎گوتیشی: "دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کوردستان بە گشتی و سێکتەری تەندروستی بە تایبەتی، هەروەها یەکێکە لە دەسکەوتە گرینگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

 شاندێكی ئەنجومەنی پزیشكی ئوردونی  مانگی ئایاری 2022 بە سەردانێكی چەند رۆژە لە ھەرێمی كوردستان مانەوە و راپۆرتێكیان لەبارەی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان ئامادەكرد، دوای چوونەوەیان بۆ ئوردن متمانەیان بەخشیە نەخۆشخانەكان.

شاندی ئەنجومەنی پزیشكانی ئوردن و ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان
شاندی ئەنجومەنی پزیشكانی ئوردن و ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان