7 تۆمه‌تبار له‌ بازاڕی سلێمانی ده‌ستگیركران

پۆلیسی سلێمانی: ئه‌و حه‌وت تۆمه‌تباره‌ له‌ناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ گیرفانی‌ هاووڵاتیانیان بڕیبوو
پۆلیسی سلێمانی 7 كه‌سی به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركرد
پۆلیسی سلێمانی 7 كه‌سی به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركرد

K24 - سلێمانی:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، حه‌وت تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ له‌ناو بازاڕه‌كانی سلێمانی گیرفانی‌ هاووڵاتیانیان بڕیبوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ ئه‌منییه‌ی‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ رۆژانی‌ پێش جه‌ژن له‌ناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی ‌‌و شوێنه‌گشتییه‌كان دایڕشتووه‌، مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ ناوبازاڕی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد، كه‌ گیرفانی‌ هاووڵاتیانیان بڕیبوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربان و قه‌ره‌باڵغی‌ بازاڕه‌كان، پۆلیسی‌ سلێمانی پلانێكی‌ ئه‌منی‌ توندوتۆڵی‌ داڕشتووه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ سه‌روماڵی‌ هاووڵاتیان‌ و رێگریكردن له‌هه‌ر رووداوێكی‌ نه‌خوازراو به‌تایبه‌تی‌ تاوانی‌ دزیكردن‌، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ ئه‌منییه‌دا مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ ناوبازاڕی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان حه‌وت تۆمه‌تباریان له‌ناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركرد، كه‌ دزییان‌ هاوڵاتیانیان كردبوو.

پۆلیسی سلێمانی روونیكرده‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ تۆمه‌تباران (ا، س) له‌دایكبووی‌ 1993، (ع، م) له‌دایكبووی‌ 1981، (م، ا) له‌دایكبووی 2007، (ر، ا)، له‌دایكبووی‌ 1965، (س، ص) له‌دایكبووی‌ 1983، (ا، ط) له‌دایكبووی‌ 1982 و (ع، م) له‌دایكبووی‌ 1969، به ‌بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 446 له ‌یاسای‌ سزادان راگیراوان‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.