له ساڵێكدا زیاتر له 682 هه‌زار مه‌تر دووجا كێڵگه‌ی مین پاككراوه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هه‌رێم، له 1ی حوزەیرانی 2021 تا 31ی ئایاری 2022 چەندین کار و چالاکیی تایبەت بە کاروباری مین ئەنجام داوە. بەتایبەتی پانتایەکی زۆری لە کێڵگە مینرێژکراوەکان پاک کردووەتەوە.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، له ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م، رووبه‌ری 682 هەزار و 268 مەتر دووجا كێڵگه‌ی مین له ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پاك کراوەتەوە. له‌و ژماره‌یه رووبه‌ری 302 هەزار و 762 مەتر دووجا، له‌لایه‌ن ده‌زگای مینه‌وه پاك كراوه‌ته‌وه و رووبه‌ری 378 هەزار و 506 مەتری دووجا له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی مین پاککراونەتەوە.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له زۆربه‌ی ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كێڵگه‌ی مین هه‌یه و پڕۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه مینییه‌كان جۆراوجۆر بووه، هه‌ندێكیان به ده‌ست (Elec +Full) بووه، هه‌ندێكی دیكه به میكانیكه‌ڵ (MECH) و هه‌ندێكی دیكه‌یش به بچووككراو (Reduced) بووه.
ده‌زگای مین له ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر رووبه‌ری 95 هەزار و 476 مەتر دووجا و له سنووری پارێزگای سلێمانی رووبه‌ری 60 هەزار و 332 مەتری دووجا و له سنووری پارێزگای دهۆك رووبه‌ری 120 هەزار و 927 مەتری دووجا و له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان رووبه‌ری 26 هەزار و 27 مەتری دووجا له كێڵگه‌ی مین پاك بكاته‌وه، كه كۆی گشتی ده‌كاته 378 هەزار و 506 مەتری دووجا.
رێكخراوی (MAG) شانبه‌شانی ده‌زگای مین له ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م رووبه‌ری 378 هەزار و 506 مەتری دووجا له سه‌رجه‌م ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان له سنووری پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان لە مين پاك کردووەتەوە.
چالاکیی جۆراوجۆری دەزگای گشتیی کاروباری مین
له رووی ته‌كنیكییه‌وه، ده‌سته‌ی گشتیی کاروباری مین چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆری ئه‌نجامی داوه، له‌وانه‌ش ئه‌نجامدانی خولی مینلابه‌ری بنچینه‌یی له ماوه‌ی نێوان مانگەکانی ئادار و نیسانی 2022، كه بۆ 14 كارمه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پارێزگای سلێمانی رێکخرابوو. له لایه‌كی دیکەوە 7 خولی دیکە له ماوه‌ی نێوان مانگەکانی ئابی 2021 تا مانگی ئایاری 2022 له لایه‌ن رێكخراوه‌كان سه‌باره‌ت به مینلابه‌ری بنچینه‌یی، خولی راهێنانی له‌ناوبردنی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی (EOD . LEVEL3)، خولی به‌ڕێوه‌بردنی كوالێتی ( QM)، خولی راهێنانی هۆشیاركردنه‌وه له مه‌ترسییه‌كانی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی، خولی راهێنانی له‌ناوبردنی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی( EOD LEVEL2)، خولی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رۆك تیم و خولی به‌ڕێوه‌بردنی كۆگای ته‌قه‌مه‌نی و بۆ 86 كارمه‌ند رێكخرابوو و له‌لایه‌ن هه‌ردوو رێكخراوی (MAG) و شاریته سه‌رپه‌رشتی كراون.
دڵنیایی جۆری
له ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، چاودێرانی دڵنیایی جۆری، 637 جار سەردانی كێڵگه مینییه‌كانیان کردووە. له پارێزگاكانی هه‌ولێر 200 جار، لە سلێمانی 269 جار، دهۆك 148 و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان 20 جار سەردانی کێڵگە مینییەکان کردووە. لەم چالاکییانەدا 89 هەزار و 879 مەتری دووجا كێڵگه مینرێژکراوەکان پشكینییان بۆ كراوه.
پێدانی مۆڵه‌ت
هه‌ر له ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م، 7 مۆڵه‌تی کۆمپانیاکان و 6 مۆڵه‌تی تایبه‌ت به رێكخراوەکان نوێ کراوەتەوە و مۆڵەتێکی نوێش بە رێکخراوێک دراوە.
هەڵمەتی هۆشیاری
له ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م 15 هەزار و 205 چالاكی جۆراوجۆری هۆشیاركردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به مه‌ترسییه‌كانی مین له سه‌رجه‌م ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوە، كه زۆربه‌یان پۆسته‌ر، لفلێت، كارتی زانیاری په‌یوه‌ندیكردن، نامیلكه‌ی منداڵان و چیڕۆكی وێنه‌دار، گۆڤار، ده‌فته‌ری قوتابخانه، یاری مار و په‌یژه و چه‌ندین چالاكی و لایه‌نی دیكه‌ی هۆشیاری له‌خۆگرتووه.
یارمەتیدانی قوربانیانی مین
له ماوه‌ی نێوان یەکی حوزه‌یرانی 2021 تا 31ـی ئایاری 2022 چه‌ندین قوربانی نوێی تایبه‌ت به مین تۆمار كراون كه ژماره‌یان 45 كه‌سه و به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش ده‌بن و 15 کەس گیانیان لە دەست داوە و 30 کەسی دیكه‌ش بریندار بوونە. 2 كه‌س له هه‌ولێر، شەش كه‌س له دهۆك، پێنج كه‌س له سلێمانی و دوو كه‌س له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان گیانیان له ده‌ست داوه. هه‌روه‌ها 7 كه‌س له هه‌ولێر، پێنج كه‌س له دهۆك، 14 كه‌س له سلێمانی و چوار كه‌س له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان بریندار بوونە.