لە گوندێکی هەڵەبجە 25 هەزار مریشک سوتان

رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە
دیمەنێکی کێڵگەکە دوای سوتانی - فۆتۆ: ئەڤین عەتا
دیمەنێکی کێڵگەکە دوای سوتانی - فۆتۆ: ئەڤین عەتا

K24 - هەڵەبجە

لە گوندی بەکراوا-ی سنووری هەڵەبجە، کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مریشک ئاگری گرت، بەوهۆیەوە 25 هەزار مریشک سوتان و مرداربوون.

ئەڤین عەتا، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: "بەهۆی شۆرتی کارەبا ئاگر لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مریشک لە گوندی بەکراوا کەوتووەتەوە، سەرجەم مریشکەکان سوتان و مرداربوونە، بەگوتەی خاوەنی کێڵگەکە 25 هەزار مریشک بووە".

زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە کوردستان24ی گوت: "لەکاتی ئاگادارکردنەوەمان لە بوونی ئەو رووداوە دوو تیممان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چونکە ئەو کێڵگانە بە جۆرە مادەیەک دروستکراون زوو ئاگر دەگڕی و بە خێرایی دەسوتێ، بەداخەوە زیانی زۆری مادی بەر خاوەنەکە کەوتووە کە 27 دەفتەر دۆلار مەزەندە دەکرێت".

سەبارەت بە مۆڵەت و مەرجەکانی بەرگری شارستانی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا لەم سنوورە هیچ مامەڵەی پێدانی مۆڵەت بە کێڵگەکان لەلایەنە پەیوەندیدارەکن ئاراستەی ئێمە نەکراوە، بۆ ئەوەی مەرجەکانی بەرگری شارستانی تێیاندا جێبەجێ بکرێت، ناشتوانین بڵێین مەرجەکانی تێدابووە یان نا، بەڵام باوەڕناکەم هیچ کێڵگەیەک لەم سنوورە مەرجەکانی تێدا بێت".

خاوەنی کێڵگەکە بۆ کوردستان24، رایگەیاند: "مەرجەکانی بەرگری شارستانی لە کێڵگەکەمان هەبوو، بەڵام فریای نەکەوتین و پەیوەندیمان بە بەرگری شارستانییەوە کرد، مادەکە بە خێرایی دەسوتێ تا تیمەکان گەیشتن هەموو کێڵگەکەمان سوتا کە 25 هەزار جوجکە مریشکی تێدا بوو".