خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە گەڕانەوە

K24 – هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیاندا لەسەر خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەمڕۆ 6ی تەممووزی 2022، دوای رەزامەندی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ی هێزەکانی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە".
لە راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، روونکراوەتەوە: "دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان و تەواو کردنی رۆتینیاتی ئیداری خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی هەردوو ساڵەکانی 2018 و 2019ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشایستەییەوە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆی لەسەر کرد و رێکارە ئیدارییەکانی بۆ دەگیرێتە بەر".
سەرۆکی ئەرکان، بە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاندووە: "کار کراوە بۆ تەواو کردنی خشتەکانی 2018 و 2019ی یەکەکانی 70 و 80".
هەروەها موژدە بە ئەفسەرانی یەکەکانی 70 و 80 دەدات، کە لەنزیکترین کاتدا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت.
