فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری: 274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون

"کۆی گشتی سزای بەنزینخانەکان 300 ملیۆن دینار بووە"
274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون
274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون

K24 - هەولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بە هۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتی نزم لە بەنزینخانەکانیان، لە 6 مانگی رابردوودا 274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سزای هەر بەنزینخانەیەکیش لە نێوان 500 هەزار دینار بۆ  2ملیۆن دینار بووە.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لە پارێزگای هەولێر 167 بەنزینخانە، لە پارێزگای دهۆک 49 بەنزینخانە، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 58 بەنزینخانە سزا دراون.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، کۆی گشتی سزای بەنزینخانەکان 300 ملیۆن دینار بووە و تەواوی ئەو پارەیە گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت و ئەو بەنزینخانانەش بە داخراوی دەمێننەوە تاوەکو کوالیتی بەنزینەکەیان چاک دەکەن و بەردەوامیش لە ژێر چاودێریدا دەبن.