سەرۆکی پێشووی رووسیا: گێچەڵکردن بە هێزێکی ئەتۆمی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسیەوە
K24 - هەولێر:
دیمتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیایە، لە دواین لێدوانیدا گوتی: هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ سزادانی هێزێکی ئەتۆمی وەك رووسیا رەنگە مرۆڤایەتی بخاتە مەترسیەوە".
دیمتری باسی لەوە کرد، " بیرۆکەی سزادانی وڵاتێک کە یەکێکە لە زلهێزەکانی وزەی ئەتۆم، شتێکی بێمانایە. لەوانەیە مەترسی لەسەر خودی بوونی مرۆڤایەتی دروست بکات".
سەرۆکی پێشووی رووسیا هۆشداریدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەوەی رەنگە "رووبەڕووی تووڕەی خودا ببێتەوە ئەگەر بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەو ئیجرائاتانەی رووسیا لە ئۆکرانیا گرتوویەتیەبەر".
دیمتری مێدڤێدێڤ گوتیشی: "هەوڵی بەکارهێنانی دادگاکان و دەستەی دادوەران بۆ لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا بێ سوودە و هەڕەشەیەکە بۆ روودانی وێرانکاری جیهانی".
سەرۆکی پێشووی رووسیا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بە "ئیمراتۆریەتی خوێن رشتن لە سەرانسەری جیهان" ناوزەند کرد و بە کوشتنی خەڵکی رەسەنی ئەمەریکا و هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ژاپۆن و هەڵگیرساندنی جەنگەکانی وەک ڤێتنام و ئەفغانستان تۆمەتبار کرد.
دیمتری ئاناتۆلیڤیچ مێدڤێدێڤ لە 14ـی ئەیلولی 1965 لەدایکبووە، هەڵگری بروانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسادا، کەسایەتیەکی رووسی سیاسیە و ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت بووە تا هەڵوەشاندەوەی سۆڤیەت لە 1991، دواتر تا ساڵی 2011 لە پارتی سەربەخۆیی رووسیا کاری کردووە، لە 7ـی ئایاری 2008 تا 8ـی ئایاری 2012 سەرۆک کۆماری رووسیا بووە و دواتریش لە 2012 بووەتە دەیەمین سەرۆک وەزیرانی رووسیا تا ساڵی 2020.