چۆن منداڵێکی دوو ساڵان بووە خاوەنی دوو ملیۆن دۆلار؟

لە رووداوێکی تەقەکردن دایک و باوکی لەدەستدا
ئایدەن
ئایدەن

K24 - واشنتن:

رۆژی دووشەممە 4ـی تەمووزی 2022، لە کاتی ساڵوەگەڕی رێورەسمی سەربەخۆیی ئەمەریکا، لە رووداوێکی تەقەکردن لە شاری ''هایلاند پارک'' لە ولایەتی ''ئێڵینۆی''، 6 کەس کوژران و پتر لە 30 کەس بریندار بوون.

کێڤن مەکارتی تەمەن 37 ساڵ، ئیرینا مەکارتی تەمەن 35 ساڵ، دایک و باوکی ئایدەن مەکارتی تەمەن دوو ساڵان بوون کە لەو رووداوەدا کوژران، بەڵام منداڵە تەمەن دوو ساڵانەکەیان هیچی لێنەهات.

کێڤن مەکارتی تەمەن 37 ساڵ، ئیرینا مەکارتی تەمەن 35 ساڵ
کێڤن مەکارتی تەمەن 37 ساڵ، ئیرینا مەکارتی تەمەن 35 ساڵ

دواتر ڕۆژی سێشەممە، ئیرنا کۆڵن، لە ماڵپەری ''GoFundMe'' هەڵمەتێکی یارمەتی کۆکردنەوەی بۆ ئایدەن رێکخست. لە ماوەی کەمتر لە شەو و رۆژێکدا لە لایەن نزیک بە 40 خێرخوازەوە پتر لە 2 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە.

''ئیرینا کۆڵن'' خاوەن بیرۆکەی هەڵمەتەکە ئاشکرای کردووە، هەنگاوەکەی بە رەزامەندی کەسوکاری ئایدەن دەستپێکردووە و لەم بارەوە نووسیبووی: "ئەم هەڵمەتە بۆ پارە کۆکردنەوە رادەگەیەنم بە مەبەستی داکۆکیکردن لەو منداڵە و دابینکردنی تێچووی ئەو کەسانەی ئەرکی بەخێوکردن، چاودێریکردن و پشتگیریکردنی ئایدەن لە ئەستۆ دەگرن".

''دانا و گرێگ رینگ'' دوو هاووڵاتی ئەمەریکاین، ئەوان لە ''شیکاگۆ'' بە کەناڵی ''CBS''یان وتووە: ''ئێمە تاساین کاتێک ئەو منداڵەمان لەگەڵ کەسێکی نەناسراودا دیت. پاشان ئایدەنمان برد و ئاگامان لێی بوو. تا دواجار پۆلیسی ''هایلاند پارک'' منداڵەکەی رادەستی دایە گەورە و باپیرەی کردووتەوە.''

''ئیرینا کۆڵن'' رێکخەری هەڵمەتەکە سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکە و چۆنیەتی بەخێوکردنی وتوویەتی: ''ئایدەن لەلایەن بنەماڵە خۆشەویستەکەیەوە چاودێری دەکرێت، ئەو رێگایەکی دووری لەپێشە بۆ سەقامگیری و سارێژبوونەوە، لە کۆتاییدا ''ئایدەن'' وەک هەتیوێک ژیان بەسەر دەبات.''