سێ وەزیری دیکەی حکومەتی بەریتانیا دەستیانلەکارکێشایەوە

بۆریس جۆنسن سوورە لەسەر مانەوە
ئاڵای بەریتانیا
ئاڵای بەریتانیا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تەمووزی 2022، هەریەك لە  دامیان هاینز وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش و سنوور، براندۆن لویس وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ئیرلاندی باکوور و وەزیری دادگاکان جەیمس کارتلیدج دەستیانلەکارکێشایەوە.

براندۆن لویس، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ئیرلاندی باکوور ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن راگەیاند، گوتیشی: "حکومەتەکەی جۆنسن تووشی ئابڕووچوونێك بووە خاڵی گەڕانەوەی تێپەڕاندووە".

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا 53 وەزیر و وەزیری دەوڵەتی حکومەتی بەریتانیا دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە سوورە لەسەر مانەوە و رەتی دەکاتەوە دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی ببێت.

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا 

شەپۆلی دەستلەکارکێشانەوەکان لە رۆژی سێشەممە 5ـی تەمووزەوە دەستیپێکرد کاتێک وەزیری تەندروستی ساجد جاوید و وەزیری دارایی ریشی سوناک بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستیان لەکارکێشایەوە، کە بەدوایدا ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسی باڵای حکومی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە حکومەت راگەیاند، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانیشیان کرد.

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، وەزیرەكانی ریزی یەكەمیش بەهۆی سەختی دۆخەكەوە داوای دەستلەكاركێشانەوەی بۆریس جۆنسنیان كردووە. لەنێویاندا پریتی پاتەل، وەزیری ناوخۆ و نازم زەهاوی وەزیری دارایی.

ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بۆریس جۆنسن لە چەندین دۆسیەی ئابڕوبەرانە تێوەگلاوە و تۆمەتبارە بە درۆکردن و پشتگوێخستنی داواکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی.