بۆریس جۆنسن: لە پۆستەکەم دەمێنمەوە تا ئەو کاتەی پارتەکەم کاندیدێکی نوێ دیاری دەکات

"لە ئێستاوە تاوەکو سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دێت بەرژەوندی ئێوە پارێزراو دەبێت"
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 7ـی تەمووزی 2022، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە بەردەم چاتام هاوس گوتارێكی پێشکەش کرد کە تێیدا رایگەیاند، لە پۆستەکەم دەمێنمەوە تا ئەو کاتەی پارتەکەم کاندیدێکی نوێ دیاری دەکات.

دوای ئەوەی نزیکەی 60 وەزیر و بەرپرسی باڵای حکومەتەکەی جۆنسن دەستیانلەکارکێشایەوە و بەشێکیشیان کە تازە پۆستەکانیان وەرگرتبوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانیان دەکرد، ئەمڕۆ بۆریس جۆنس رایگەیاند، تا پارتی پارێزگاران کاندیدێك دیاریدەکات لە پۆستەکەم دەمێنمەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بۆریس جۆنسن لە چەندین دۆسیەی ئابڕوبەرانە تێوەگلاوە و تۆمەتبارە بە درۆکردن و پشتگوێخستنی داواکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی.

جۆنسن لە بەردەم چاتام هاوس گوتارێكی پێشکەش کرد کە تێیدا رایگەیاند، "هیچ کەسێک بێ جێگرەوە نییە، زۆر نیگەرانم لەوەی واز لە باشترین کار بهێنم کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایە، دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین بەریتانیا بە گەورەیی بمێنێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "لە ئێستاوە تاوەکو سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دێت بەرژەوندی ئێوە پارێزراو دەبێت و بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن".

سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا و پاڵپشتی کردنی ئەو وڵاتە، بۆریس جۆنسن رایگەیاند، "هەتا ئەو کاتەی توانامان هەبێت هاوکاریەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبن".

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆریس جۆنسن گوتی: "مایەی شەرەفێکی گەورە بوو کە من سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوومە، تەنانەت ئەگەر هەندێك جار شتەکان تاریک و ناڕوون دەربکەون، بەڵام هەمیشە داهاتووی بەریتانیا زێڕینە".

یەکێک لەو کەسە نزیکانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە جۆنسن کرد، نازم زەهاوی بوو کە دوای 36 کاتژمێر لە دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دارایی لە تویتێکدا نووسیەتی: "ئەمە بەردەوام نییە و تەنها خراپتر دەبێت، بۆ تۆ و بۆ پارتی پارێزگاران و هەموو وڵاتەکەمان، دەبێت ئێستا کارە راستەکە بکەیت".

نازم زەهاوی، گوتیشی: "دوێنێ بۆ سەرۆک وەزیران و هاوکارەکانم روونکردنەوە کە ئەمەی روودەدات تەنیا یەک ئاراستەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو (بۆریس جۆنسن) شەرەفمەندانە پۆستەکەی جێبهێڵێت".