په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا تاوانه‌كانی داعشی دژ به‌ ئێزدییه‌كان به‌ جینۆساید ناساند

"دابینكردنی ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ ئێزدییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانمان"
ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ ده‌ست داعش رایانكردووه‌، ئابی 2014
ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ ده‌ست داعش رایانكردووه‌، ئابی 2014

K24 – هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا دانیشتنێك سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی چه‌كدارانی داعش (له‌ ساڵی 2014) دژ به‌ پێكهاته‌ی ئێزدی ساز بكات، ئه‌ندامێكی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی-یش رایگه‌یاند، داننان به‌ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تاییه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئازاره‌كانی ئه‌م پێكهاته‌یه‌.

ماكس لۆكس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا سه‌ر به‌ پارتی سه‌وز به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی راگه‌یاند، داننان به‌ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان هه‌نگاوێكه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئازاری ئه‌وان. 

لۆكس راشیگه‌یاند، ‌ "دابینكردنی ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ ئێزدییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانمان".

ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پێكهاته‌ی ئێزدی تێدایه‌، تاكه‌ وڵاتیشه‌ له‌ رێگه‌ی دادگاكانییه‌وه‌ تۆڵه‌ له‌ چه‌كدارانی داعش ده‌كاته‌وه‌ دادگاییان ده‌كات.

له‌ مانگی تشرینی دووه‌م / نۆڤێمبه‌ری رابردوو، دادگایه‌كی ئه‌ڵمانی چه‌كدارێكی داعشی به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی دژ به‌ پێكهاته‌ی ئێزدییه‌كانی دادگاییكرد.

له‌ماوه‌ی رابردووشدا نادیه‌ موراد، ژنه‌ چالاكوان و رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش، كه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌ڵمانیای بە "سەرکەوتن" بۆ هەوڵەکانی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش ناوبرد. 

له‌ كاتی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ ساڵی 2014 سه‌دان منداڵ و ژنی پێكهاته‌ی ئێزدی جینۆسایدكران، له‌مباره‌یه‌وه‌ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرایكرد، به‌ڵگه‌ی روون و ئاشكرا هه‌ن كه‌ ئێزدییه‌كان جینۆساید كراون.