ژن لەسەر تەندروستی خۆی دەبی چ بزانی

Kurd24

قۆناغی سێیەم (گوتاری چوارەم)

پێکهاتەی شیری دایک / یەکەم شیردانی منداڵ (شیری خاو):

یەکەم: دەبیتە یارمەتی بۆ دەردانى یەکەمجارى پیسایی، کە پێى دەگوترێ مارزا (meconium) (feces) و لێى ڕزگار دەبی.

دووەم: بە شێوەیەکی سروشتی هاوسەنگییەک بۆ بوونى بەکتریاى بەسوود لەناو ریخۆڵەکانى منداڵەکە دەڕەخسێنێ.

سیێەم: دژەتەنى بەرگیکردنى (مەناعەى) تێدایە، کە منداڵ لە تووشبوون بەمیکرۆبان دەپارێزێ. دواتر لەماوەی هەتا 15 رۆژ قۆناغێکی تری دروستکردنی شیر دەستپێدەکا. ئەو شیرە چەورترە و گەرمۆکەى (کالۆری) زیاترە، پرۆتین و دژە تەنى (antibodies) کەمترە.

دواتر: شیری پێگەیشتووی مەمک: ئەوەیان کالۆری لە شیری خاو زۆر زیاترە، کە بەسەر شیری پێش و دواوە دابەش دەکرێ.

پێش: جەمى (وەجبەی) یەکەمی شیرە.

دواوە: جەمى (وەجبەی) دووەمە و شیرێکی تیرترە.

ژنی شیردەر لە مانگی یەکەم لە یەک شەو و ڕۆژێکدا 600 ملیگڕام، دوای سێ مانگ 750 ملیگڕام و دوای شەش مانگ زیاتر لە 800 ملیگڕام شیر بەرهەم دێنێ. زۆر گرنگە دایکی شیردەر خواردن 5 – 6 جار لە یەک شەو و ڕۆژدا بخوات و جارەکانیش 30 – 40 خولەک پێش مەمکدانی، بۆ باشترکردنى شیردەردان (milk secretion) و شیر لێدەرچوون.

باشە هەموو جۆرە سەوزەواتێک هەروەها تەڕە، گۆشت، ماسی بخوا. خواردنی دایک دەبی خۆش و جۆراوجۆربێ.

شیری دایک لە مادەی دژە تەن پێکدێ، کە منداڵ لەتووشبوون بەمیکرۆبان دەپارێزێ. شیری خاو لە زۆرترین دژەتەن (antibodies) پێکدێت و یەکەم بەرگریکردنی دژ بە سووتانەوەکانە. شیری مەمک فاکتەری گەشەسەندنی تێدایە، کە قەبارە و دژە تەنى پێشکەوتنی منداڵ، پتەوکردنی سیستێمی دەمارەکان، هەروەها هەناسە و سیستێمی رژێنى هۆرمۆنى (endocrine) پتەو دەکا.

شیری مەمک، دیاریێکی سرووشتە و ناکرێ بە هیچ شتێک بگۆڕدرێتەوە. زانایان ناتوانن بەرهەمێک بدۆزنەوە، کە شوێنی شیری دایک بۆ منداڵ بگرێتەوە. بۆیە با منداڵ تام لە شیری دایکى وەربگرێت و هێز و توانای بۆ زیاد بکا. با بڵێ: شیری دایکم لە هەموو شتێک لاخۆشترە.

هۆکانی منداڵ لەبەرچوون

لێرە و لەو نووسینە، دەمەوێ باسى گرفتێکی زۆر گرنگ بکەم، ئەویش منداڵ لەبەرچوونی هەندێک ژنە، بە کورتی باس لە هۆکارە بڵاوەکانی ئەم کێشەیە و چۆنێتیی چارەسەریشی بکەم. من بیستم، منداڵ لەبەرچوون لە کوردستان، کێشەیەکی بەربڵاو و گەورەی کۆمەڵگای کوردەوارییە.

- منداڵ لەبەرچوون: کۆتایی هێنانی زووتری زگەکەیە پێش هاتنی کاتی خۆی، تا هەفتەی 28ى ناو منداڵدان.

- مردنى کۆرپەڵە لەناو منداڵدان: درەنگ لەبەرچوونی منداڵە لەدواى هەفتەی 28 هەتا هەفتەی 38.

- زوو لەدایکبوونی منداڵ (ناکام): پێش گەیشتنى زگەکە بۆ تەمەنى 38 حەفتە.

هۆکارەکانی لەبارچوونی منداڵ جۆراوجۆرن، لەخوارەوە دەیاننووسین:

1- ئەگەر کیژە هێشتا تەمەنی پڕ نەبووبێ، ئەندامەکانی جەستەی بەتەواوى گەشەیان نەکردبێ، منداڵدان پێنەگەیشتنێت و نەگەیشتبێتە قۆناغی ئاسایی پێگەیشتن، هێلکەدان ئامادە نەبێ، یان سووڕی مانگانەی هێشتا نەگەیشتبێتە قۆناغی ئاسایی و رێکوپێک نەبووبێ.

2- ئەگەر ژنە یەک لە نەخۆشییەکانی هەبێت و بەتایبەتیش یەک لە نەخۆشییەکانی سەر بەئەندامەکانى زاووزێ، هەوکردنی ناپۆشی منداڵدان، سووتانەوەى ناوەوەى منداڵدانى ناسراو بە (endometritis)، هەوکردنی پەردەی ناوەوەو ماسولکەى منداڵدان (endomyometritis)، هەبوونی شێرپەنجەی منداڵدان، یان ئەگەر ژنە یەک لە تووشبوونەکانی بەمیکرۆبەکان هەبێ وەک ئینفلەوەنزای (ARVI) یان نەخۆشی دیکەی ڤایرۆسی هەبێ، لەوکاتەی لە جەستەی ژن، هێشتا هەموو ڤایڕۆسەکان نەڕۆیشتین، لەوانەیە ببنە هۆی کوشتنی منداڵ.

3- هۆی هەرە گەورەی لەبارچوونی منداڵ، لە کاتی ئێستادا، تێکچوونی هۆرمۆنە. لەپێش هەموویانەوە تێکچوونی هێلکەدان و هاوەڵ و منداڵدان، کە بەهۆیەوە دەکرێ لێدانی زەبرەکانی بۆ منداڵدان بڕوات و منداڵە لەبارببا.

بەوجۆرە دەبینین، ئەگەر ژن بەو باکگڕاوندەی سەرەوە دووگیان بووبێ، ناتوانێ منداڵ هەڵبگرێ. هەر بۆ نموونە، ئەگەر هەر فاکتەرێکى هەوکردن یان کارنەکردنی هێلکەدان هەبێ، هەوکردنەکە لە ڕێگای هاوەڵەوە بۆ کۆرپەڵەکە (through the placenta to the fetus) بڕوا، دووگیانییەکە کۆتایى دێ و منداڵەکەى لەبەر دەچی. ئەگەر هێلکەدان کەموکورتی هەبێ، هێلکە نەخۆشەکان، ئاماژە(سیگناڵ) بۆ منداڵدان دەنێرن و ئاوسبوون کۆتایی پێدێت و منداڵەکەى لەبەر دەچی. ئەگەر ژن منداڵدانى منداڵانەی هەبێ، ناتوانێ ئاوسبوون بپارێزێ. منداڵدان تا ئەو ئەندازەیەی پێویست و دیار گەورە دەبیت و منداڵ فڕە دەدا، بۆیە کچ لەکاتی بەشوودانی دەبی گەورەبیت و

(non-infantile) منداڵ نەبی، بە شێوەی دروست جەستەی فۆرمولەی کردبێ، خواردنی بەسوود و تێر بخوا.

لە خواردن دەبی هەموو بەرهەمە بەسوودەکان بەکار بێ، کە ناوەرۆکیان دەوڵەمەند بێت و بۆ لەش باشبن لەوانە: گۆشت، ماسی، هێلکە، سەوزە، تەڕە. هەروەها بۆ ڕێکخستنی دروست زۆر پێویستە، هەموو ڤیتامینەکان بخوا، پڕۆتین و چەوری. هەروەها زۆر پێویستە ڤیتامین Е بخوا، کە بۆ گەشەکردنی ئاسایی هەموو ئۆرگانەکان و سیستێمی ئۆرگانی جەستەی ژن و بەتایبەتیش بۆ پاراستنی ئاوسبوون زۆر پێویستە. ڤیتامین Е وەک چۆن لەسەرەوە باسمان کرد، لە ماسی، ناوکى دەنکە گەنم (germ wheat)، ماست، هێلکە، جەرگ، خاس (کاهوو) و لە سەوزەدا هەیە.

بۆ ئەوەی لەش بە شێوەی نۆرمال گەشە بکا، دەبی ڕاهێنان و وەرزش بکرێ، کە بە ڕێگایەوە جەستەی ژن توند و تەندروست دەبی، جوان دەبیت و باشتر و توندتر ئاوسبوونی خۆی هەڵدەگرێ. هەر بۆ نموونە لە (روسیا) وانەی تایبەتی جوملاستیک بۆ ژنانی ئاوس هەیە. لە ئەوڕوپا ژنی ئاوس بۆ (یۆگە) یان وەرزش دەنێرن.

مۆدەی ژنی زۆر لاواز و باریک بەسەرچووە، باشترە کیژ بتوانێ ئاوس ببێت و منداڵ هەڵبگرێ، بۆیە هەوڵدان بۆ خۆلاوازکردن بە هیچ شێوەیەک دروست نییە. جگە لەوانە، ئەو جۆرە خۆلاوزکردنە، لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی سووڕی مانگانە و کاریگەریی خراپ لەسەر مێشک دروست بکات و هەتا بگاتە ئەوەی، سووڕی مانگانە هەر بەیەکجاری ببڕێت و کۆتایی پێبێ. چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەدواتر گەلەک گرانە. دەبی کیژە لە سەرەتاوە بە باشی و دروستی گەشەی کردبێت و هەموو ئەندامەکانی بە شێوەی ئاسایی گەشەیان کردبێ. منداڵدان، هێلکەدان بە ئاسایی گەشەیان کردبێت و سووڕی مانگانەشى بە ئاسایی تێپەڕێ.

زۆر خراپە لەوکاتەی، کە کیژ یان ژن توشی نەخۆشییە میکرۆبییەکان (درمەکان) (infectious diseases) دەبن، تووشبوونەکان (ئینفێکشنەکان) هێشتا لەناو ئەندامەکانى دەمینێن و ژن بەو باکگڕاوندەوە ئاوس ببێ، وەکو رێسایەک، ئاوسبوون نامینێت و منداڵ لەباردەچی.

زیانەکانی ئەوانە لەکاتی هەبوونی زگ و ژەهراویبوون پێیانەوە، هەر بۆ نموونە: جگەرەکێشان، جگەرەکێشان پێش ئاوسبوونیش هەر زیانی هەیە، چونکە (نیکۆتین)ى ناو دووکەڵى جگەرە دەبیتە هۆی زیانێکی گەورە لە هێلکەدان و کارەکانی تێک دەدا. بەوجۆرە، نابێ مەیش بوخرێتەوە، نابێ جگەرە بکێشرێ. نابێ مێرد و خزم و کەس لە هەمان ژووری ژنی ئاوس جگەرە بکێشن، چونکە نیکۆتین لە ڕێگای هاوەڵەوە بۆ منداڵەکە دەچی و زیانی گەلەک زۆر بە ئاوڵەمە (fetus) دەگەیەنێت و لەوانەیە زگەکەى نەهێلێ. نابێ کەلوپەلی کیمیاوی و حەب بەکار بهێندرێ، چونکە بەڵگە هەیە، ئەوانیش بە ڕێگای منداڵدان دەتوانن بەخراپی فۆرمولەی ئۆرگانەکان بکەن و زیانی گەوە بە منداڵەکە بگەیەنن و هەتا بگاتە ئەوەی منداڵ لەبەر ببا. نابی لەکاتی ئاوسبوون، کێشی زیاتر لە(5) کیلۆ بەرزبێتەوە. هەڵگرتنی کێشی زۆر، بەدڵنیاییەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی منداڵ لەبارچوون. لەکاتی زگکردنی درەنگ، لەوانەیە خوێنی لەبەر بڕوات و منداڵ زووتر لەدایک ببێ.

ئێمە دەبی بزانین، پاش منداڵ لەبەرچوون، زۆربەی جار، منداڵدان گچکە دەبیتەوە و ماکی دیکەی لە داهاتوودا دێتە پێش. ئەوە دەکرێ نەزۆکی (infertility) بێت. دواتر داماڵین لە منداڵدان ڕوودەدا، پڕۆسەی پێوەنووسان (adhesive) لە بۆڕییەکانی (tubes) ڕوودەدات و لەوانەیە بۆ جارەکانی داهاتووش، منداڵ لەبار بچێت و نەتوانێ زگ هەڵبگرێ. ئەوەش دەکاتە، ئەوەی، ئەگەر ژن منداڵی لەبەرچوو، نابێ بۆماوەی یەک ساڵ ئاوس ببێ. لەماوەی ئەو ساڵە، کۆمەڵێک خولی دژ بە سووتانەوە وەربگرێ، هەروەها دەرمان و چارەکردنى ئاوسنەبوون وەربگرێ. لە(روسیا) پزیشکان Yarina بەکار دێنن، کە کاری هێلکەدان ئاسایی دەکاتەوە و پاش گۆڕینی، یەکسەر ژن ئاوسدەبیتەوە. 

لەو ماوەیە، بەهیچ شێوەیەک نابێ سپرینگ (سپیڕاڵ) لەناو منداڵداندا دابندرێ، چونکە لەوانەیە سووتانەوەکە خراپتر بکا. لەسەر ڕۆشنایی (سپیراڵ) لەناو منداڵدان، لەوانەیە سووتانەوە لەناو منداڵدان، لە هێلکەدان، لە کەنالەکانی فالوب ڕووبدا، کە لە داهاتوودا سووڕی مانگانە تێک بچێت. لە بۆڕییەکانی منداڵدان، بەبێ هەبوونی (سپیڕاڵ) لەوانەیە ڕووبدا، کە لە ئەنجامدا نەزۆکى بەهۆى گیرانى بۆڕى (tubal infertility) رووبدا. لە هەمان کات پاش داڕنین لە منداڵدان، ئامێری the receptor apparatus تێکدەچیت و ئاوسبوون کۆتایی پێدێ. ئاوسبوون بۆ جارێکی دیکە دوادەخا.

بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی ژن بە شێوەیەکی ئاسایی ئاوسبوونی خۆی تێپەڕێنێ، دەبی تەندروستی باشبێ، بە دروستی گەشەی کردبێ، خەسڵەتی هەست و سۆزی جێگیربێ، ڕاهێنان و وەرزش بکا، کێشی قوڕس هەڵنەگرێ، هێوربێت و توڕەنەبێ، چونکە دڵەڕاوکێ، لەوانەیە ببنە یارمەتی و کاریگەرییان لەسەر منداڵدان هەبێت و منداڵ لەبەربچێ.

ئەوە پەیوەندی زۆرتری بە پیاوەکان و خزموکەسەوە هەیە، کە دەبی ئاگایان لەژن هەبێت، دڵی توند نەکەن و تووشی دڵەڕاوکێی نەکەن، بارودۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن و ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ. کێژ نابی تەنیا بیر لەوە بکاتەوە، کە زووتر شووبکا، بەڵکو چۆن لەکاتی گونجاو مێرد بکا. بەگوێرەی ئامارەکانی روسیا، ئەندامەکانی کیژانی روس لەنێوان 18 – 22 بە تەواوی پێدەگەن و لە کوردستانیش لەنێوان 16 – 18 ساڵ پێدەگەن. ئەوەش دەکاتە، ئەوەی، ژن لەو تەمەنە دەتوانێ بێکێشە ئاوسبوونی خۆی بپارێزێ. لە ئەوروپا ژن لە تەمەنی دوای 30 ساڵی شوو دەکەن، پیاویش لە تەمەنی 35 – 40 ژن دەهێنن، لەو تەمەندا دەتوانن خێزان بەخێو بکەن.

دەبی هەموو ئەندامەکان و سیستێم و جەستەی ژن فۆڕمولەیان کردبێ، منداڵدان و هێلکەدان ئاسایی بن و هیچ نەخۆشی و ئیلتهاباتێکیان نەبێ، سووڕی مانگانە تێکنەچووبێ، لەوکات بە جەستەیەکی دروست، ژن دەتوانێ ئاوس بێت و بە باشترین شێوە، لە ماوەی پێویست منداڵ هەڵبگرێت و منداڵێکی تەندروست بهێنێتە جیهان.

وەرگێڕانی لە زمانی روسی د.مەغدید سەپان