كار و پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوو

"به‌شێكی زۆری ئەو پڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئه‌نجامدراون"
پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان
پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوو له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان، به‌ تایبه‌ت سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجامداوه‌، به‌شێكی زۆری ئەو پڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئه‌نجامدراون.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌،  كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 28ـی ته‌ممووزی 2019 تاوه‌كو 27ـی حوزه‌یرانی ساڵی 2022، له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان به‌ تایبه‌ت سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجامداوه‌ و، لەو‌ ماوه‌یەشدا  مۆڵەتی بە 201 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 11 ملیارو 562 ملیۆن و 93 هەزار دۆلار، لەسەر رووبەری 10 هەزار و 603 دۆنم زەوی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان داوە،‌ به‌شێكی زۆری ئەو پڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئه‌نجامدراون.

ئه‌و داتایانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌م شێوه‌ن:

ساڵی 2019

ساڵی 2019 سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كابینه‌ی نۆیه‌م بوو، 16 پڕۆژه‌  مۆڵەتیان وەرگرتووە، سه‌رجه‌میان له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە بوون و سەرمایەکەیان 485 ملیۆن و 204 هەزار و 256 دۆلار بووه‌.

ساڵی 2020

ساڵی 2020 ‌ تێیدا په‌تای كۆرۆنا سه‌رجه‌م جیهانی گرته‌وه،‌ و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی بێبه‌ش نه‌بوو، 76 پڕۆژه‌ له‌و ساڵه‌دا مۆڵەتیان وەرگرتووە، له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ ته‌نیا 2 پڕۆژه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆماڵی و بیانی ئه‌نجامدراوه‌،  74 پڕۆژه‌کەی دیکە له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئەنجامدراون، كۆی گشتی پڕۆژه‌كانیش بە سەرمایەی یەک ملیار و 984 ملیۆن و 591 هەزار و 500 دۆلار بووه‌، و له‌م بڕه‌دا وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆماڵی یەک ملیار و 967 ملیۆن و 25 هەزار و 500 دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە، و پرۆژە هاوبەشەکانیش بە بڕی 17 ملیۆن و 566 هەزار دۆلار ئەنجامدراون.

ساڵی 2021

ساڵی 2021 پڕۆژه‌كان به‌رده‌وام بوون، تێیدا 70 پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر مۆڵەتیان وەرگرتووە،‌ له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ ته‌نیا یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ رێگه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بووه‌ و، یەک پڕۆژه‌ش به‌ هاوبه‌شی بووه‌، 68 پڕۆژه‌كه‌ی دیکە له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ری خۆماڵییه‌وه‌ جێبه‌جێكراون، كه‌ سه‌رمایه‌ی هه‌ر 70 پڕۆژه‌كه 8 ملیار و 515 ملیۆن و 645 هەزار و 864 دۆلار بووە.

ساڵی 2022

له‌ 6مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، به‌ شێوه‌یه‌ك  کە 35 پڕۆژه‌ی جۆراو جۆر له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان مۆڵەتیان وەرگرتووە بە سه‌رمایه‌ی 330 ملیۆن 696 هەزار و265 دۆلار، سه‌رجه‌میان له‌ لایه‌ن كۆمپانیا خۆماڵییه‌كانەوە جێبه‌جێكراون.

کۆی گشتی پرۆژەکان

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا مۆڵەتی بە 201 پڕۆژه‌ی هه‌مه‌جۆری له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان داوه‌، كه‌ سەرمایەکەیان 11 ملیار و 562 ملیۆن و 93 هەزار دۆلار  بووە، و لەسەر رووبەری 10 هەزار و 603 دۆنم زەوی ئه‌نجامدراون.

پرۆژەکانیش بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشبوون و، بەشی زۆری ئەو پڕۆژانەش لە پارێزگای هەولێر جێبەجێکراون.

پارێزگای هەولێر

پارێزگای هەولێر، لەو رێژەیە 87 پڕۆژه‌ به‌ سەرمایەی 8 ملیار و 906 ملیۆن و 806 هەزار و 129 دۆلاری بەرکەوتووە و، پڕۆژەکانیش لەسەر رووبەری 4 هەزار و 861 دۆنم ئه‌نجامدراون.

پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم دێت، کە 53 پڕۆژه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی یەک ملیار و 559 ملیۆن و 982 هەزار و 213 دۆلار له‌ سه‌ر رووبه‌ری هەزار و 928 دۆنمی  تێدا ئەنجامدراون.

‌پارێزگای دهۆك

له‌پارێزگای دهۆك 45 پڕۆژه‌ به‌ سەرمایەی 589 ملیۆن و 554 هەزار و 88 دۆلار له‌ سه‌ر رووبه‌ری 2 هەزار و 750 دۆنم زەوی ئەنجامدراون.

پارێزگای هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک پرۆژە بە سەرمایەی 6 ملیۆن و 846 هەزار دۆلار لەسەر رووبەری 7 دۆنم زەوی ئەنجامدراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان

لە ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان 10 پڕۆژه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی 333 ملیۆن و 475 هەزار و 89 دۆلار و له‌ سه‌ر رووبه‌ری 935 دۆنم زەوی ئەنجامدراون.

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین

لە ئیدارەی سەربەخۆی راپه‌ڕین 5 پڕۆژه‌ بە گوژمەی 125 ملیۆن و 429 هەزار و 481 دۆلار له‌ سه‌ر رووبه‌ری 119 دۆنم زه‌وی پڕۆژه‌ی جیاواز ئەنجامدراون.

سێکتەرە جیاوازەکان

گرنگترین ئه‌و سێكته‌رانه‌ی کە پڕۆژه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوە، بریتییە له‌ سێكته‌ری بازرگانی کە 49 پڕۆژه‌ بووە، به‌ سه‌رمایه‌ی 638 ملیۆن و 265 هەزار و 11 دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 709 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژەی بانكه‌كانیش 2 پڕۆژه بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 19 ملیۆن و 415 هەزار دۆلار له‌ سه‌ر رووبه‌ری 1.2 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژە تەندروستییەکانیش 12 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 92 ملیۆن و 345 هەزار و 500 دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 15 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژەی پیشه‌سازی 58 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 1 ملیار و 771 ملیۆن و 220 هەزار و 943 دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 2 هەزار و 190 دۆنم زەوی.

پڕۆژەی خزمه‌تگوزاری یەک پڕۆژه‌ بووە، به‌ سه‌رمایه‌ی 9 ملیۆن و491 هەزار لە سەر رووبەری 21 دۆنم زەوی.

پڕۆژەی گه‌شتیاری 29 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 7 ملیار و122 ملیۆن و606 هەزار و 299 دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 2 هەزار و 856 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژەی فێركردن 21 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 229 ملیۆن و 946 هەزار و 290 دۆلار، له‌ سه‌ر ڕووبه‌ری542 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژەی كشتوكاڵی 8 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی 320 ملیۆن و669 هەزار و 500 دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 2 هەزار و 879 دۆنم زه‌وی.

پڕۆژەکانی كه‌رتی نیشته‌جێبوون 13 پڕۆژه‌ بوون، به‌ سه‌رمایه‌ی یەک ملیار 288 ملیۆن و 168 هەزار دۆلارو له‌ سه‌ر رووبه‌ری هەزار و 351 دۆنم زه‌وی.

لە سێكته‌ری هونه‌ریش یەک پڕۆژه‌ ئەنجامدراوە، به‌ سه‌رمایه‌ی 9 ملیۆن و 234 هەزار دۆلار، له‌ سه‌ر رووبه‌ری 10 دۆنم زه‌وی.

لە سێکتەری وه‌رزشیش 7 پڕۆژه‌ ئەنجامدراوە، به‌ سه‌رمایه‌ی 60 ملیۆن و 731 هەزار و 457 دۆلار له‌ سه‌ر رووبه‌ری 25 دۆنم زه‌وی.

پرۆژە خۆماڵییەکان

له‌ كۆی ئه‌و 201 پڕۆژه‌یەی کە لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم مۆڵەتیان پێدراوە، 197 پڕۆژەیان‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆییەوە جێبه‌جێكراون‌، ته‌نیا یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بووه‌ و سێ پڕۆژه‌ش به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجامدراون.

کۆی سەرمایەی پرۆژەکان

كۆی گشتی سه‌رمایه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ لایه‌ن كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی جێبه‌جێكراون بریتی بووه‌ له‌ 6 ملیار و 618 ملیۆن و 559 هەزار  دۆلار.

هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌ی سێ پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بریتی بووه‌ له 37 ملیۆن و 384هەزار دۆلار‌.

ئه‌و تاكه‌ پڕۆژه‌یه‌ش كه‌ لە لایەن كۆمپانیایەکی بیانییەوە ئه‌نجامدراوە، سه‌رمایه‌كه‌ی 4 ملیار و 906 ملیۆن و 110 هەزار دۆلار بووه‌.